رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، رۆژی یەکشەممە، عەلی زەیدی بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، دەچێتە پاریس.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 13ی ئەیلوول، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەچێتە پاریس.
بەگوێرەی نووسینگەی زەیدی، "ئامانجی سەردانەکە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و پاریس و دۆزینەوەی میکانیزمی نوێیە بۆ فراوانکردنی هاوبەشییەکان لە بوارە جیاوازەکان، بەتایبەتی لە کەرتی وزە و ئاسایش."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رۆژی دووشەممە 14ی ئەیلوول، زەیدی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا کۆدەبێتەوە و "چەندین پرسی گرنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی جێی بایەخی هاوبەش تاوتوێ دەکەن."
بڕیارە هەردوو سەرکردەکە سەرۆکایەتیی گەڕێکی گفتوگۆی فراوان لەنێوان شاندی هەردوو وڵات بکەن "بە مەبەستی داڕشتنی بناخەی هاوبەشیی نوێ لە بوارەکانی، ئابووری و بازرگانی، ئاسایش و سەربازی، وزە، پەروەردە و خوێندنی باڵا."
بەپێی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەم هەنگاوە لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانە، هاوکات لە چوارچێوەی سەردانەکەدا چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن لە کەرتە جیاوازەکان لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ دەکرێن.



