رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار دەستی بەسەر 47 درۆن و 46 پارچە تەقەمەنیدا گرت کە لە شوێنێکی چۆڵکراو لە سنووری پارێزگاکە شاردرابوونەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە رۆژی هەینی، 11ـی ئەیلوولی 2026 بڵاوکراوەتەوە، "لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی ورد، هێزەکانی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار تیوانیان لە ناوچەی ناسراو بە (کیلۆمەتر 35) دەست بەسەر شوێنێکی چۆڵکراودا بگرن کە پێشتر وەک دووکانی چاککردنەوەی تایەی ئۆتۆمبێل (پەنچەرچی) بەکارهاتووە."
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئەنجامی پشکنینی شوێنەکەدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر کەرەستەی سەربازیدا گیراوە، لەوانە، "47 درۆن، 46 گوللـە هاوەن و چەندین ئامێری کۆنترۆڵکردنی درۆن، پاتری و کەرەستەی دیکەی تایبەت بە کارپێکردن."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، شوێنەکە بەتەواوی کۆنترۆڵ کراوە و دەست بەسەر سەرجەم کەرەستەکاندا گیراوە، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکاری لێکۆڵینەوە و پشکنینی تەکنیکییان دەستپێکردووە، تاوەکو سەرچاوەی ئەو کەرەستانە و ئەو کەس و لایەنانەی لە پشتییەوە بوون ئاشکرا بکرێن و رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.



