رووداو دیجیتاڵ
دەستەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێ، هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی زرباتیە و مونزەریە بە رووی هاتووچۆی گەشتیاران و زیارەتکاران کراوەن. بەڵام سەرچاوەیەک بە رووداوی گوت، شەلامچە داخراوە.
دەستەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، رۆژی شەممە (12ـی ئەیلوولی 2026) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لایەنە ئەمنییە تایبەتمەندەکان دەستیان کردووە بە پرۆسەی رێکخستنەوەی کارگێڕی و ئەمنی لە چەند دەروازەیەکی سنووری، ئەمەش پێویستی بە داخستنی هەندێ دەروازە هەبوو. هەروەها کۆمەڵێک رێکاری یاسایی پێویست گیراونەتەبەر و کارە هەواڵگرییەکان و لێکۆڵینەوە و وردبینییەکان چڕکراونەتەوە بۆ زانینی وردەکاریی ئەو پێشێلکاری و سەرپێچیانەی لەو دەروازانەدا روویانداوە، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان."
دەستەکە گوتیشی: "هەردوو دەروازەی زرباتیە و مونزەریە لەبەردەم هاتووچۆی گەشتیاران و زیارەتکاران کراوەن."
دەروازەی نێودەوڵەتیی زرباتییە دەکەوێتە پارێزگای واست. دەروازەی مونزریەش لە پارێزگای دیالە؛ هەردوو دەروازە هاوسنوورن لەگەڵ کۆماری ئسلامی ئێران.
سەرچاوەیەکی ئەمنیش بە رووداوی گوت: " بە فەرمانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دەروازەی نێودەوڵەتیی شەلامچە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران داخراوە."
سەرچاوە ئەمنییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، داخستنی دەروازەکە وەک "رێکارێکە" لە چوارچێوەی ئەو پێشهاتانەی دوای هێرشە درۆنییەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە هاتنە ئاراوە.



