رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەردانێکی فەرمی بەرەو ئەورووپا بەڕێکەوت. لە سەردانەکەدا چەندین رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی وزە، ژێرخان، ئابووری و تەکنەلۆژیا واژۆ دەکرێن.
رۆژی یەکشەممە، 13ی ئەیلوولی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە فڕۆکەخانەی بەغدا پێش بەڕێکەوتنی شاندەکە رایگەیاند، "بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران، شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق بەرەو ئەورووپا بەڕێکەوت بۆ سەردانێکی فەرمی بۆ کۆماری فەرەنسا و کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا."
سەبارەت بە وێستگەی یەکەمی سەردانەکە، گوتەبێژی حکومەت روونیکردەوە، سەرۆکوەزیران لە پاریس دەست بە دیدارەکانی دەکات و لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبێتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئاسۆی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەرەپێدانیان بۆ ئاستێکی پێشکەوتووتر.
عەبوودی ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی فەرەنسا واژۆکردنی زنجیرەیەک لێکتێگەیشتنی گرنگ لەخۆدەگرێت، بەتایبەت لە بوارەکانی، "وەبەرهێنان، وزە، پیشەسازی، بازرگانی، تەکنەلۆژیا، پەروەردە و فێرکردن، کولتوور، و بنیاتنانی ژێرخاندا."
هەروەها لەبارەی وێستگەی دووەمی گەشتەکە، گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی، "لە پاریسەوە بەرەو بەرلین، سەرۆکوەزیران هەنگاو دەنێت بۆ فراوانکردنی هاوبەشییە ستراتیژییەکانی عێراق و وەرگێڕانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ دەرفەت، بەرژەوەندیی هاوبەش و هاوبەشیی کاریگەر، بە جۆرێک کە خزمەت بە گەشەپێدان و بەهێزکردنی ئابووریی عێراق بکات."
بڕیارە سەردانەکەی زەیدی بۆ فەرەنسا و ئەڵمانیا چوار رۆژ بخایێنێت و کۆتایی ئەم مانگەش سەردانی ئەمریکا دەکات.



