رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای زوبێر لە پارێزگای بەسرە رایگەیاند، بەهۆی دزەکردنی گازی ئەمۆنیا لە کارگەی پەینی کیمیایی لە خور زوبێر، 92 کەس تووشی هەناسەتەنگی بوون و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لە دەست دا.
عەباس ماهیر، ئێوارەی یەکشەممە (13ـی ئەیلوولی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی دزەکردنی گازی ئەمۆنیا لە کارگەی پەینی کیمیایی لە خور زوبێر کە ئەمڕۆ روویدا، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 92 کەسیش تووشی هەناسەتەنگی بوون.
قایمقامی قەزای زوبێر ئاماژەی بەوەشکرد، حاڵەتەکانی هەناستەنگیی کارمەندان و دانیشتووانی ماڵەکانی نزیک کارگەکەی گرتووەتەوە.
کارگەکانی کۆمپانیای گشتیی پیشەسازیی پەینی باشوور دەکەونە ناوچەی خور زوبێر لە دووری 45 کم لە باشووری رۆژئاوای شاری بەسرە. دوای ئەوەی کارگەکانی کۆمپانیای گشتیی پیشەسازیی پەینی باکوور لە بێجی لە چەندین ساڵەوە لە کارکەوتوون، ئەم کارگەیە بووەتە تاکە سەرچاوەی دابینکردنی یۆریا بۆ کەرتی کشتوکاڵی لە عێراق و 60%ی پێداویستیی نێوخۆیی پڕدەکاتەوە.



.webp&w=3840&q=75)