رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای خانەقینی سەر بە پارێزگای دیالە تەقە لە ژنێک کرا و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. پۆلیسی خانەقین دەڵێ: "بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە."
ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2026، بەرپرسێک لە پۆلیسی خانەقین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رووداوەکە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری خانەقین روویداوە، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەستڕێژی گوللـە لەو ژنە کراوە و دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە."
بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو دوو کەسە لە رابردوودا هاوژین بوون و لە یەکدی جیابوونەتەوە و ئەمڕۆش پیاوەکە ژنەکەی کوشتووە.
لەبارەی تەمەنی ژنەکوژراوەکەوە پۆلیسی خانەقین گوتی: "ئەو ژنە لەدایکبووی ساڵی 1997 و دانیشتووی یەکێک لە گەڕەکەکانی قەزاکە بوو."
هێزە ئەمنییەکان چوونە شوێنی تەقەکردنەکە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە، هاوکات رێکارە یاساییەکان لەلایەن پۆلیسەوە بە مەبەستی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە بەردەوامن.



