رووداو دیجیتاڵ
لە 21 رۆژدا فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق دوو پێشنیاز بۆ شێوازی وەرگرتنی گومرگی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی دەنێرێت، کە یەکێکیان ئەوەیە بەغدا 100%ی وەربگرێت و نووسراوەکەی دیکەی ئەوەیە کە 50%ی بۆ هەرێمی کوردستان بێت. هەروەها پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ یەکلاکردنەوەی دەروازە نافەرمییەکان کردوو کە هەر کامیان " شیاو" نەبوون پاسەوانى سنوور دایبخات.
بەگوێرەی نووسراوێکی فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق کە دەست رووداو کەوتووە و وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزارى ئابووری لە 27ی تەمووز ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵی کردووە لەبارەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەبارەی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا بۆ ئەوەی دەنگدانى لەسەر بدرێت.
نووسراوەکە سێ خاڵە، یەکەمیان ئاماژە بەوە دەکات لیژنەیەکی هاوبەش بە سەرۆکایەتی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق و نوێنەرایەتی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت بۆ رووپێوى بە درێژایی سنووری هەرێمی کوردستان و سەردانی سەرجەم دەروازە نافەرمییەکان بکەن بۆ ئەوەی راپۆرتێک لەبارەوە پێشکێش بکەن، کە تێیدا ئەو دەروازانە دیاری بکەن کە مەرجی پێویستی کارکردنیان هەیە و لەگەڵ ئەوانەی کە ناشێن بۆ ئەوەی ببنە دەروازەی سنووری، بەمەبەستی داخستنی لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە، ئەو راپۆرتە لە ماوەی 30 رۆژدا بدرێتە ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری بۆ ئەوەی بڕیاری پێویست لەبارەیانەوە بدرێت.
لە هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی سنووری هەن، کە تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی بە دەروازەی فەرمی نەیانناساندوون و بڕیارە بەپێی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا ئەو دەروازانەش یەکلا بکرێنەوە.
خاڵی دووەمی نووسراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رێبەرێکی تایبەت و یەکگرتوو ئامادە دەکەن، کە تێیدا سەرجەم لێخۆشبوونەکان و رێگەپێدانە گومرگییەکانى تێدابێت بۆ ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسند بکرێت و لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان کاری پێ بکرێت و بەشێوەی خولی نوێ بکرێتەوە.
سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی لیژنەی دەروازە سنوورییەکان و پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: حکومەتی فیدراڵی لە دەروازە سنوورییەکانی خۆی لێخۆشبوون بۆ هەندێک لەو کاڵا هاوردەکراوانە دەکات کە بازرگانان بۆ وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان هاوردەی دەکەن، بەڵام ئەو بڕیارە بۆ کاڵاى هاوردەکراو لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ ناکرێت.
خاڵی سێیەمی نووسراوەکەی فالح ساری تایبەتە بە شێوازی وەرگرتنی گومرگی کاڵا هاوردەکراوەکان لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆدا کە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرێت.
لەو نووسراوەدا ئاماژە بەوە دراوە، رسووماتی باج و گومرگ لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بخرێتە ناو گەنجینەی عێراق بە پشتبەستن بە بڕگەی یەک لە مادەی 29ی یاسای کارگێڕی دارایی و بڕیاری ئەنجوومەنی شوورا کە لە ساڵی 2025 دەرچووە، لەبەرامبەردا 50%ی داهاتەکانی دیکە جگە لە باج و گومرگی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێتە ئەو پارێزگایانەی کە دەروازەکەی تێدایە.
سەلوان ئاکرەیی رایگەیاند، ئەو پێشنیازە بۆ شێوازی وەرگرتنی گومرگ لەنێوان هەولێر و بەغدا بە گوشاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگری لێکراوە بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر نەدرێت و پێشتر لێکتێگەیشتنیان هەبووە کە هەر لایەک 50%ی ئەو داهاتەی گومرگ و باج وەربگرن، بەر لەو نووسراوە، وەزیرى دارایی فیدڕاڵ، نووسراوێکی دیکە هەبووە بۆ ئەوەی هەردوو لا نیوەی گومرگ وەربگرن.
بەگوێرەی نووسراوێکی دیکە کە 21 رۆژ بەر لەو نووسراوەی 27ی تەمووز فالح ساری ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە لەسەر هەمان پرس، لە خاڵی سێیەمدا لەبارەی شێوازی دابەشکردنی پشکی گومرگی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، دوو پێشنیازی خستووەتە روو تاوەکو یەکێکیان پەسند بکرێت، یەکێکیان ئەوە بووە، سەرجەم داهاتی گومرگ بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ و نیوەی لێ بگەڕێنێتەوە هەرێمی کوردستان، پێشنیازی دووەمیشیان ئەوە بووە کە هەر لایەک 50%ی داهاتی گومرگ بخرێتە سەر هەژماری بانکییان.



