رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی نەینەوا 12 کەسی لە گەڕەکی (تەنەک) لە بەری راستی موسڵ دەستگیر کرد، دوای ئەوەی شەڕ لەنێوانیان دروستبوو بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و سووکایەتیکردن بە یەکدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند:" هێزەکانی پۆلیسی نەینەوا توانیویانە کۆنترۆڵی شەڕێکی نێوان دوو بنەماڵە بکەن لە گەڕەکی نەهرەوان (تەنەک) و 12 کەس لە هەردوولا دەستگیر بکەن".
سەبارەت بە هۆکاری شەڕەکە، پۆلیسی نەینەوا رایگەیاندووە: "ئەو کەسانە ئامۆزای یەکدین و پێشتر کێشەی خێزانی و سکاڵای یاسایی لەنێوانیاندا هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی لە رێگەی تیکتۆکەوە دەستیان کردووە بە جنێودان و هەڕەشە لە یەکدی، کێشەکە پەرەی سەندووە و گۆڕاوە بۆ شەڕی دەستەویەخە."
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەو شەڕەدا، تەنیا چەند کەسێک بریندار بوون.
پۆلیسی نەینەوا راشیگەیاند، رۆژی سێشەممە(15ـی ئەیلوول) سێ لە دەستگیرکراوەکان بە کەفالەتی دارایی ئازاد کراون بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشکی وەربگرن، چونکە تەندروستییان جێگیر نەبووە."
ئێستا تەواوی تۆمەتبارەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.



