رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو، گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان کەرکووک و قاهیرە دەستپێبکات.
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک، رۆژی چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە رۆژی 4ـی مانگی داهاتووەوە (تشرینی یەکەم) گەشتی راستەوخۆی نێوان کەرکووک و قاهیرەی پایتەختی میسر دەستپێدەکات."
بەگوتەی هەردی سەمەد، گەشتەکان لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە دەبن و سەرەتا هەفتانە یەک گەشت لە رۆژانی یەکشەممەدا رێکدەخرێت، ئەگەریش خواستی لەسەر زیاد بوو، ئەوا ژمارەی گەشتەکان زیاد دەکرێن.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک، باسی لەوەش کرد، بڕیارە بەم نزیکانە گەشتی ئاسمانیی نێوان کەرکووک و کوالالامپووریش دەستپێبکات، بەڵام تاوەکو ئێستا وادەکەی بەفەرمی دیاری نەکراوە.
فڕۆکەخانەی کەرکووک لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2022 بە ئامادەبوونی ناسر حوسێن، وەزیری گواستنەوەی ئەوکاتەی عێراق کرایەوە و یەکەم گەشتی نێودەوڵەتی لە هەمان مانگدا بۆ تورکیا کرا.


