رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەیاندنی عێراق داوا لە وەزیری پێشووی ئەو وەزارەتە دەکات کە ئەو ڤێلایە چۆڵ بکات کە تێیدایە و ئەو ئۆتۆمبێلانەش رادەست بکاتەوە، کە بە ناوی وەزارەتەکەوەن.
مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق رۆژی چوارشەممە 16ی ئەیلوولی 2026 بە نووسراوی فەرمی داوای ئەو ڤێلا و ئۆتۆمبێلانەی لە هیام یاسری، وەزیری پێشووی وەزارەتەکەی کردووە و لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسراوەکەی بڵاو کردووەتەوە.
بەگوێرەی نووسراوەکە، هیام یاسری لە ڤێلای ژمارە 14 لە کۆمەڵگەی وەزیرانە لە بەغدا کە داوای لێکراوە رادەستی بکاتەوە.
هەروەها وەزیری گەیاندن داوای لە وەزیری پێشوو کردووە دوو ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا لاندکرۆزەری مۆدێلی 2022 بگەڕێنێتەوە، کە یەکێکیان رەنگی سپییە و ئەوی دیکە رەنگی رەشە.
لە نووسراوەکەدا مستەفا سەنەد بە هیام یاسری دەڵێت: "بۆ وەبیرهێنانەوە، 15ی کانوونی دووەمی 2026 کارەکەت وەک وەزیری گەیاندن کۆتایی هاتووە."
هیام یاسری، وەزیری پێشووی گەیاندنی عێراق کە لە پشکی شیعە بوو، ئێستا لە فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو سەرۆکایەتی هاوپەیمانێتییەکە دەکات.



