رووداو دیجیتاڵ
ئاگرێکی گەورە لە باڵەخانەیەکی بازرگانیی لە شاری بەغدا کەوتەوە و بەرگری شارستانیی عێراق دەڵێت، ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد .
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی ئەیلوولی 2026، ئاگرێکی گەورە لە باڵەخانەیەکی بازرگانیی دوو نهۆمی لە ناوچەی شەقامی فەلەستین لە بەغدا کەوتەوە. باڵەخانەکە لە نهۆمی یەکەمدا چەندین دووکان و نووسینگەی بازرگانی تێدایە و نهۆمی دووەمیشی کافتریایە.
نوئاس سەباح شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەرگری شارستانیی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەکاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە بوونەوە، ئەوەش بەهۆی نزیکیی ئاگرەکە لە مۆلیدەی کارەبا و بوونی بڕێکی زۆر گازوایل، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، تیمەکان رێگریان کرد لە تەشەنەسەندنی بۆ خانووەکانی دەوروبەری شوێنی رووداوەکە.
سەبارەت بە هۆکاری ئاگرەکە، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەرگری شارستانیی عێراق باسی لەوەکرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان و پسپۆڕی بەڵگە تاوانکارییەکان لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ دیاریکردنی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە.
بەگوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانیی عێراق، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 1680 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون، 48٪یان هۆکارەکەی شۆرتی کارەبا بووە.
ڤیدیۆ:
https://www.facebook.com/reel/946416791852751


