رووداو دیجتیاڵ
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق، رایگەیاند، یەکێک لە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆیان لە پارێزگای ئەنبار دەستگیر کردووە، دوای ئەوەی بەرتیلی لە یەکێک لە سکاڵاکاران وەرگرتووە، لە بەرامبەر بەڵێنێکی درۆیینە بۆ هەڵوەشاندنەوەی فەرمانێکی دەستگیرکردن، کە گوایە لەسەری بووە.
دەستەی دەستپاکی، لەبارەی وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی ئەیلوولی 2026 رایگەیاند، تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی ئەنبار کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی فەللوجە-یان دەستگیرکرد، لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل لە یەکێک لە هاووڵاتییان. "تۆمەتبارەکە هەڕەشەی لە هاووڵاتییەکە کردووە و داوای پارەی لێکردەوە، دوای ئەوەی پێی راگەیاندووە کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە و لە بەرامبەر بڕە پارەیەک فەرمانەکە هەڵدەوەشێنێتەوە".
بەگوێرەی راگەیێندراوی دەستەکە، تۆمەتبارەکە لەگەڵ دەستبەسەرداگیراوەکاندا، کە بەگوێرەی یاداشتێکی دادوەری دەستگیر کراوە، خراوەتە بەردەم دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی ئەنبار تایبەت بە کەیسەکانی دەستپاکی. دادوەریش بڕیاری داوە تۆمەتبارەکە بەگوێرەی بڕیاری (160ی ساڵی 1983) بۆ بەرژەوەندیی لێکۆڵینەوە رابگیرێت.


