رووداو دیجیتاڵ
وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار بە وەکالەت، بڕیاری دا بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی سینەما و شانۆ بۆ ماوەی 60 رۆژ لە کارەکەی رابگیرێت و یاریدەدەرەکەی کارەکانی رایی بکات.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە رۆژی 17ـی ئەیلوولی 2026 دەرچووە و واژۆی سروە عەبدولواحید، وەزیری رۆشنبیری عێراق بەوەکالەتی لەسەرە، بڕیاردراوە بە راگرتنی جەبار جوودی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی سینەما و شانۆ، کە هاوکات نەقیبی هونەرمەندانی عێراقیشە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە کە ئەم بڕیارە بۆ ماوەی 60 رۆژە و "مانەوەی جەبار جوودی لە پۆستەکەی کاریگەریی دەبێت لەسەر بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکان و رێگری لە تەواوبوونی دەکات."
هەر بەپێی بڕیارەکە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەکە راسپێردراوە بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا کاروباری فەرمانگەی سینەما و شانۆ بەڕێوەببات.
ئەم بڕیارەی وەزیری رۆشنبیری بە وەکالەت دوای ئەوە دێت کە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لەنێو فەرمانگەکە لە بەغدا پێکهێنرابوو.
رۆژی 24ی ئابی 2026، ئاگرەکە بە هۆی شۆرتی کارەباوە لە نهۆمی چوارەم و لە ژوورێکی بەشی بەرهەمهێنانی سینەمایی و تەلەڤزیۆنی کەوتووەتەوە، کە وەک ژووری پشوودانی فەرمانبەرانی بەشی ئەرشیف بەکارهێنراوە. فەرمانگەی سینەما و شانۆ دڵنیایی دا کە هیچ فیلم، شریت یان دۆسیەیەکی گرنگ لەو ئاگرەدا نەسووتاون، چونکە ئەو کەرەستانە لە کۆگایەکی دیکە دەپارێزرێن.
بە گوێرەی وەزارەتی رۆشنبیری عێراق، ئاگرەکە زیانی بە ژووری ئەرشیف و چەند ژوورێکی تەنیشتی گەیاندووە. دوای رووداوەکە، سروە عەبدولواحید بڕیاری دا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکان و دیاریکردنی کەمتەرخەمەکان پێکبهێنرێت.
