رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکی حکومی لە عێراق دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ پێکهاتەکان دەکات بەمەبەستی زانینى داواکارى و پێداویستی و خواستەکانیان، بۆ ئەوەی راپۆرتێک لەبارەیانەوە ئامادە بکرێت و بدرێتە نەتەوە یەکگرتووەکان.
لیژنەکە نوێنەری چەند وەزارەتێکی پەیوەندیداری تێدایە و چەند دیدارێکی لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکان کردووە؛ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق یەکێکە لە بەشداربووانی ئەو لیژنەیە. عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی ئەو وەزارەتە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەکە دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەشێک لە پێکهاتەکان ئەنجامداوە کە کاکەیی، شەبەک، ئێزدی، کریستیان و پێکهاتەکانی دیکە دەگرێتەوە، بۆ ئەوەی پێداویستی و خواستەکانیان بزانرێت و زانیاری لەبارەی کێشەکانیان کۆبکرێتەوە زۆرینەى ئەو دیدارانە لە نەینەوا کراون بەو پێیەى زۆرینەى پێکهاتەکان لەو پارێزگایەن.
زیاتر لە شەش پێکهاتەی ئایینی و نەتەوەیی لە عێراق هەن، کە زۆربەیان لە ناوچە جێناکۆکەکان نیشتەجێن. عەلی جەهانگیر دەڵێ، وەزارەتی دادی عێراق سەرپەرشتی کاری ئەو لیژنەیە دەکات و دواتر راپۆرتێک لەبارەی پێکهاتەکانەوە دەداتە نەتەوە یەکگرتووەکان.
کریستیان، ئێزدی، کوردی فەیلی و سابیئەى مەندائی لە عێراق کۆتایان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەیە.
لە خولی رابردووەوە پڕۆژەیاسایەک بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی عێراقە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەنگاو بۆ پەسندکردنى نەنراوە.

