رووداو دیجیتاڵ
تیم هۆکینز،
گوتەبێژی فەرمیی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە
هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، داهاتووی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا
لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەدوای 30ی ئەیلوول روون دەکاتەوە.
هۆکینز جەخت لەوە دەکاتەوە
کە کۆتاییهاتنی ئەرکی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پۆڵایین" لە عێراق، بە واتای
کۆتاییهاتنی پابەندبوونی واشنتن بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە نایەت.
هۆکینز، رایگەیاند:
"ئەوەی کۆتایی پێدێت ئەرکی هاوپەیمانیی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایینە لە عێراق.
ئەو ئەرکە خۆی بەردەوام دەبێت و بنکەکەی لە شوێنێکی دیکە دەبێت. ئەوەی دیکەش کە بەردەوام
دەبێت پابەندبوونی ئەمریکایە بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە".
گوتەبێژی سێنتکۆم
دڵنیایی دەدات کە هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەک "ئامادە،
چاوکراوە و کوشندە" دەبن.
دەقی هەڤپەیڤین:
رووداو: رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جارێکی دیکە
رووبەڕووی قۆناخێکی نادڵنیایی قووڵ دەبێتەوە. گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی
ئەمریکا و ئێران، داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەردەوامیی هەڕەشە
ئەمنییەکان لە سووریا و نیگەرانییە گەشەسەندووەکان سەبارەت بە سەقامگیریی ناوچەکە
بەگشتی، پرسیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی ستراتیژیی سەربازیی واشنتن و لێکەوتەکانی بۆ
سەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەورووژێنن. لە چەقی ئامادەیی و ئۆپەراسیۆنە
سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەرتاسەری ناوچەکەدا، فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە کە بە سێنتکۆم ناسراوە. بینەرانی ئازیزی رووداو، ئەمە
هەڤپەیڤینێکی تایبەتە و منیش نما نەبەزم.
ئێستا کاپتن تیم هۆکینز، گوتەبێژی فەرمیی
فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لەگەڵمانە.
بێگومان، سێنتکۆم سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە یەکێک لە گرنگترین ناوچە
ستراتیژییەکانی جیهان دەکات، لەنێویاندا عێراق، سووریا و تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی
نێوەڕاست. کاپتن هۆکینز، زۆر سوپاس بۆ ئەوەی لەگەڵمان دەبیت. وەک دەزانیت، ئێمە
تۆڕێکی میدیایی کوردین. بینەرانمان زۆربەیان کوردن لە سەرتاسەری جیهان و هەروەها
کوردستان. هەر بۆیە پرسیارەکانم بە کوردستان، خەڵکی کورد و هەرێمی کوردستان
دەستپێدەکەم. یەکەم، زۆر کەس لە هەرێمی کوردستان بیر لە ئاسایشی خۆیان دەکەنەوە و
دەپرسن ئایا سوپای ئەمریکا لە 30ـی ئەیلوول بۆ هەمیشە هەرێمی کوردستان جێدەهێڵێت،
یان ئەرکەکەتان دەگۆڕێت بۆ شتێکی نوێ؟
تیم هۆکینز: سەرەتا، سوپاس بۆ ئەوەی
میوانداریتان کردم. زۆر خۆشحاڵم کە لە تامپای ویلایەتی فلۆریداوە بەشدار دەبم، کە
بارەگای سەرەکیی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکای لێیە و پشتگیری لە زیاتر لە 50,000
سەربازمان دەکات کە لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خزمەت دەکەن بۆ یارمەتیدان لە
برەودان بە ئاسایش و سەقامگیری، هەروەها هاوئاهەنگیی نزیک لەگەڵ هاوبەشە
هەرێمییەکان. سەبارەت بە پرسیاری یەکەمت، و ئەوەی ئێمە لە عێراق و بەتایبەتی لە
هەرێمی کوردستان دەیکەین، ئێمە لەسەر رێڕەوی تەواوکردنی بەڵێنەکانمانین بۆ
کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پۆڵایین"
(Inherent Resolve)،
واتە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە. با کەمێک بگەڕێینەوە بۆ
دواوە کە ئەمە چۆن دەستیپێکرد. نزیکەی 12 ساڵ لەمەوبەر، دەستمان بە ئەرکی
ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین کرد بۆ راوێژپێدان، هاوکاریکردن و بەهێزکردنی
هاوبەشەکان لە شەڕی دژی داعش دا. ئێمەش رێک ئەو کارەمان ئەنجامدا. هێزە
ئەمنییەکانی ئەمریکا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هاوپەیمانەکانمان سەرکەوتنی زۆر
گەورەیان لە شەڕی دژی داعش دا بەدەستهێنا. ئێستاش دەگوازینەوە بۆ قۆناخی
بەهێزکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، پێشمەرگە، و هەروەها هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی
کوردستان بۆ ئەوەی پێشەنگایەتیی شەڕ دژی هەر پاشماوەیەکی تیرۆریستی لە عێراق دا
بگرنە دەست. ئەمە وەرچەرخانێکی گرنگە و ئێمە لەسەر رێڕەوین تاوەکو لە کۆتایی ئەم
مانگەدا ئەم وەرچەرخانە بە ئەنجام بگەیەنین.
رووداو: وەکو ئاگاداریت و خۆشت ئاماژەت
پێکرد، هێزەکانی پێشمەرگە و سەربازانی ئەمریکی ساڵانێکی زۆر شانیان دایە شانی یەک
لە شەڕی دژی داعش دا. لە مانگەکانی دواییدا، هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان
ژمارەیەکی زۆر درۆن و مووشەکی ئێرانییان تێکشکاند کە بەرەو ناوچەکە دەهاتن.
پرسیاری من لێرەدا ئەوەیە، ئایا خەڵک لە هەرێمی کوردستان دەبێت چاوەڕێی هەمان
ئاستی پابەندبوونی ئەمنیی ئەمریکا بن لە دوای 30ـی ئەیلوول؟
تیم هۆکینز: با لەسەر ئەوە روون بین کە لە
30ـی ئەیلوول چی کۆتایی پێدێت. گوێم لێ بگرن کاتێک دەڵێم ئەوەی کۆتایی پێدێت ئەرکی
هاوپەیمانیی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایینە لە عێراق. ئەو ئەرکە خۆی بەردەوام دەبێت
و بنکەکەی لە شوێنێکی دیکە دەبێت. ئەوەی دیکەش کە بەردەوام دەبێت پابەندبوونی
ئەمریکایە بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە. بۆیە کاتێک هەڕەشەکان سەرهەڵدەدەن،
سوپای ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکان، لەنێویاندا
هێزە ئەمنییەکانی عێراق، پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بۆ
بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشانە. ئەوەی دەگۆڕێت ئەوەیە ئێستا هێزە
هاوبەشەکانمان، بەتایبەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە، پێشەنگ
دەبن لە شەڕی دژی تیرۆریستان لە عێراق دا.
رووداو: داعش بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز
کراوە، بەڵام لەنێو نەچووە. تەنیا لەم هەفتەیەدا چەندین هێرشی داعش بۆ سەر هێزە
ئەمنییەکانی عێراق لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە هەبوون. لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی
سێنتکۆم، ئایا هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگە ئامادەن بەرەنگاری هەڕەشە
ناوخۆیی و دەرەکییەکان ببنەوە؟
تیم هۆکینز: لە ساڵانی رابردوودا، لەگەڵ
هێزە ئەمنییەکانی عێراق، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لە
شەڕی دژی داعش دا کارمان کردووە. ئێمە لەسەر بنەمای سەرکەوتنە گەورەکانی پێشوومان
متمانەمان هەیە کە ئەم هێزانە ئامادەن رێبەرایەتی شەڕەکە بکەن، بە تەنیاش ئەو شەڕە
ناکەن. وەک گوتم، ئەرکی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین بەردەوام دەبێت، بەو واتایەی
کە هێزەکانی ئەمریکا لە شوێنەکانی دیکەوە بە تەواوی ئامادە دەبن بۆ
بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی نوێ کە لەوانەیە لە پاشماوەی تیرۆریستانەوە دروست
ببێت.
رووداو: ئەمریکا لە عێراق لە نێوان 28ـی
شوبات تاوەکو کۆتایی حوزەیران رووبەڕووی 600 هێرش بووەتەوە، بەپێی راپۆرتی پشکنەری
گشتیی پێنتاگۆن کە ئەم هەفتەیە بڵاوکرایەوە. هەندێک لەم هێرشانە لەلایەن گرووپە
میلیشیاکانی عێراقی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدراون. لە کاتێکدا ئێوە لە لێواری
جێهێشتنی عێراق دان، حکومەتی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی بەڵێنی داوە چەک لەو گرووپە
میلیشیایانەش دابماڵێت. هەڵسەنگاندنی ئەمریکا بۆ ئەم پرۆسەیە تاوەکو ئێستا چییە؟
تیم هۆکینز: با ئەمەت پێ بڵێم: هێزەکانی
ئەمریکا بەردەوام چاوکراوە دەمێننەوە و وەڵامی هەر هەڕەشەیەک دەدەنەوە کە لە دژی
هێزەکانی، کارمەندانی ئەمریکی یان بەرژەوەندییەکانمان لە ناوچەکە و سەرتاسەری
ناوچەکە دروستببێت. ئێمە بە ئامادەیی دەمێنینەوە. هێشتا زیاتر لە 50,000 سەربازی
ئەمریکیمان هەیە، ژمارەیەکی زۆر کەشتی و فڕۆکە ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی هەر ئەرکێک
کە لەلایەن سەرکردە سەربازی و مەدەنییەکانمانەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی
ئەمریکا پێمان دەسپێردرێت. بۆیە دڵنیابن لەوەی ئێمە ئامادەین، چاوکراوەین و
کوشندەین.
رووداو: وەک ئاگاداریت، لە هێرشەکانی ئەم
دواییەی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی لە عێراق، چەند باڵەخانەیەک لە کۆمەڵگەی نوێی
کۆنسووڵخانەکەتان لە هەولێر زیانیان بەرکەوت. ئایا وەڵامی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە
لەسەر نێردە دیپلۆماسییەکانتان لە عێراق دەدەنەوە ئەگەر لە دوای 30ـی ئەیلوول
دووبارە ببنەوە؟
تیم هۆکینز: من باسی هیچ گریمانەیەک ناکەم
و پێشبینی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی داهاتوو ناکەم، بەڵام با ئەوەندەت پێ بڵێم کە سوپای
ئەمریکا بە پابەندی دەمێنێتەوە بۆ پاراستنی هێزەکانمان، کارمەندانی ئەمریکی و
بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. لە بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەک کە دروست ببێت دوودڵ
نابین.
رووداو: دیسانەوە، لە 28ـی شوباتەوە، بەپێی
راپۆرتەکە، ئێوە هێرشتان کردووەتە سەر زیاتر لە 13,500 ئامانج لە سەرتاسەری ئێران
دا. بەڵام ئێران بەردەوامە لە هاویشتنی مووشەکی بالیستی و درۆنی خۆکوژ بۆ سەر
بنکەکانتان لە سەرتاسەری ناوچەکە بە شێوەیەکی رێکخراو، تەنانەت لە کاتی جەنگەکەدا
زیانی بە فڕۆکەیەکی جەنگیی F-35Aـی ئەمریکی گەیاندووە. پرسیارەکە ئەوەیە،
ئایا ئێران لە ئەنجامی ئەم جەنگەدا لاواز بووە؟
تیم هۆکینز: ئێران بە روونی لە توانای
مووشەکی، درۆن و دەریایی دا بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی پێکراوە. با لەمە
تێبگەین، ساڵانێکی زۆر، ئێران بەردەوام بەلەم و کەشتیی بچووکی دەنارد بۆ
بێزارکردنی هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەکەدا. ئێستا ئەوە روونادات. ئەوان هیچ
کەشتییەکیان نەماوە چونکە هەموویانمان نوقمی ژێر دەریا کرد. ئێران لە سەرەتای
ململانێکەدا لە ماوەیەکی کورت دا سەدان و سەدان مووشەک و درۆنی هاویشت. ئێستا
هێندە زۆر ناوەشێنن چونکە ئێمە توانای هاویشتنی مووشەک و درۆنمان بە شێوەیەکی
بەرچاو لاواز کردووە. جگە لەوەش، توانای دروستکردنی مووشەک، درۆن و کەشتیی نوێمان
بە وێرانکردنی کارگەکانی چەکیان لەکارخستووە. کەواتە ئێمە بە روونی ئامانجی سەربازیی
گرنگمان بەدەستهێناوە. سەرەڕای ئەوەش، ئێمە واقیعبینانە دەڕوانینە ئەو راستییەی کە
ئێران هێشتا توانای هەڕەشەکردن لە خەڵکی سڤیلی بێتاوانی لە وڵاتانی دراوسێ هەیە.
ئێران هێشتا توانا و خواستی هەیە هەڕەشە لە هاتوچۆی بازرگانی بکات کە لە گەرووی
هورمزەوە، کە رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتییە، هاتوچۆ دەکەن. ئێمە لەوەش تێدەگەین کە
ئەوان بەدوای زیانگەیاندن بە کارمەندانی ئەمریکین. هەربۆیە ئێمە بە ئامادەیی،
چاوکراوەیی، کوشندەیی دەمێنینەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەک و جێبەجێکردنی
هەر ئەرکێک کە سەرکردایەتیی سەربازی و مەدەنی پێمان دەسپێرن.
رووداو: چەندین دەوڵەتی کەنداو کە
میوانداریی هێزەکانی ئەمریکا و ژێرخانی سەربازیی گرنگی ئەمریکا دەکەن، لە
رووبەڕووبوونەوەکانی ئێستاتاندا لەگەڵ ئێران کراونەتە ئامانج. ئایا توانیوتانە لە
رووی سەربازییەوە ئەو هاوپەیمانانە لە هەڕەشەکانی ئێران بپارێزن؟
تیم هۆکینز: تۆ بینیت کە ئێران هەوڵیدا بە
هەزاران درۆن و مووشەک هێرش بکاتە سەر دراوسێکانی لە کەنداو و خەڵکی سڤیلی ئەو
وڵاتانە. تۆ لەدەستدانی گیانی هاوتات لەو ئاستەدا نەبینی، ئەوەش بەهۆی بەرگریی
بەهێزی ئاسمانی و مووشەکی بوو کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانە
هەرێمییەکانمان ئەنجامدرا. ئێمەش بەردەوامین لە کارکردن بۆ بەهێزکردنی ئەو
بەرگرییە ئاسمانییە شانبەشانی هاوبەشە هەرێمییەکانمان.
رووداو: ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانی
ئەمریکا دەتوانێت گەرەنتیی پاراستنی هاوبەشە هەرێمییەکانی بدات ئەگەر ئێران
هێرشێکی گەورە دەستپێبکات؟
تیم هۆکینز: سەرەتا، با باس لەوە بکەین کە
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چی دەکات. ئەمریکا بەردەوامە لە بەهێزکردنی
هاوبەشییەکانمان لە رێگەی کارکردن، مەشقپێکردن و چالاکیی هاوبەش. لە راستیدا تازە
مەشقێکی هاوبەشمان لەگەڵ ئوردن دەستپێکرد. ئێمە پەیوەندییەکی سەربازیی زۆر بەهێز و
دێرینمان لەگەڵ ئوردن دا هەیە و ئەوان لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ لێرە لە ویلایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا شانبەشانی ئێمە کار دەکەن بۆ ئەوەی پێکەوە تواناکانمان بەرز
بکەینەوە. هەروەها هەفتەی رابردوو کۆنفرانسێکی هەرێمایەتیمان لەگەڵ سەرکردە
سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی دەرفەتەکانی بەهێزکردنی
هاوئاهەنگی و هاریکاری لە دۆخی ئەمنیدا. بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لە پەرەپێدان و
بەهێزکردنی هاوپەیمانی و پەیوەندییە سەربازییەکانمان، هەروەها خێراکردنی داهێنان. ئێمە
تازە دەرفەتێکمان راگەیاندووە و داوامان لە هاوبەشەکانمان کردووە بەشداری بکەن لە
دامەزراندنی یەکەم یەکەی هاوپەیمانیی درۆنی هێرشبەر لە جیهاندا. ئێمە لە رۆژهەڵاتی
نێوەڕاست دایدەمەزرێنین و داوامان لە هاوبەشەکانمان کردووە بەشدار بن لە
تێکەڵکردنی توانا و تەکنەلۆژیای نوێ بۆ بەرزکردنەوەی توانامان لە بەرەنگاربوونەوەی
هەڕەشەکان و رێگریکردن لە لایەنە خراپەکارەکان.
رووداو: ئەگەر هەڕەشەکانی ئێران و میلیشیا
هاوپەیمانەکانی لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بەردەوام بن،
ئایا کاتێک دێت کە هەنگاوێکی توندتر بەرامبەر ئێران و ئەو گرووپانە بگرنەبەر، بۆ
نموونە، هێرشی زەوینی؟
تیم هۆکینز: من هیچ پێشبینی و خەمڵاندنێک
بۆ ئۆپەراسیۆنەکان ناکەم. ئەوەی پێتدەڵێم ئەوەیە کە ئێمە ئەرکی خۆمان جێبەجێ
دەکەین. ئەرکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئەوەیە کە ئامادە بێت، دڵنیابێتەوە کە
هێزەکانمان لە دۆخی ئامادەباشیدان و لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانە هەرێمییەکان کار
دەکەن بۆ ئەوەی هێزەکان لە پێگەیەکدا بن کە بەرەنگاری هەر هەڕەشەیەک ببنەوە. ئەوان
ئامادەن، جێگیر کراون، ئێمە چاوکراوەین و هەر ئەرکێکمان پێ بسپێردرێت جێبەجێی
دەکەین.
رووداو: تەنگەی هورمز وەک یەکێک لە
گرنگترین رێڕەوە ستراتیژییەکانی وزە لە جیهاندا دەمێنێتەوە و یەکێکە لە ناسکترین
خاڵەکان لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ ئێران دا. کەی دەبینین جووڵەی کاڵاکان،
نەوت و گاز لە تەنگەی هورمزەوە بگەڕێتەوە ئاستی پێش جەنگ؟
تیم هۆکینز: من پێشبینی ناکەم، بەڵام
دەتوانم هەواڵێکی باشتان پێ بدەم. ئاراستەی کارەکان بەرەو پێش دەچێت. تەنگەکە
دانەخراوە؛ کراوەیە، تۆ دەبینیت هاتوچۆ زیاتر و زیاتر دەبێت. لە مانگی ئایارەوە،
سوپای ئەمریکا هاوکاریی زیاتر لە 1,900 کەشتیی کردووە بۆ تێپەڕین بە تەنگەی
هورمزدا. هەروەها سوپای ئەمریکا هاوکاری بووە لە گواستنەوەی زیاتر لە 900 ملیۆن
بەرمیل نەوت لە وڵاتانی کەنداوەوە لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
ئەمە گرنگە. راستە وەک ئاستی پێش ململانێکە نییە، بەڵام شتێکی باشە. تەنیا شتێکی
ئاسایی نییە، بەڵکو گەشە دەکات و فراوانتر دەبێت. بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لە
کارکردن لەسەر ئەم پێشکەوتنە بە هاوئاهەنگیی نزیک لەگەڵ کەرتی کەشتیوانی و
هاوپەیمان و هاوبەشە هەرێمییەکانمان.
رووداو: باشە کاپتن، بەپێی
هەڵسەنگاندنەکانی سێنتکۆم، پێتانوایە ئێمە پێ دەنێینە نێو جەنگێکی بەرفراوانتری هەرێمایەتییەوە؟
تیم هۆکینز: من ناچمە نێو هەڵسەنگاندنی
هەواڵگری یان پێناسەکردنی دۆخەکە؛ ئەوە گونجاو نییە. ئەوەی پێتدەڵێم ئەوەیە کە
سەرنجی ئێمە لە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا برەودانە بە ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە
ناوچەکەدا. رێگەی بەدیهێنانی ئەوەش بوونی ئاسایشە وەک بنەمای سەرەکی. رێگەی گەیشتن
بە ئاسایشێکی زیاتر و بەهێزتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە رێگەی پتەوکردنی پەیوەندی
و هاوبەشییە هەرێمییەکانەوەیە. ئەمەش رێک ئەو بابەتەیە کە ئێمە سەرنجمان
لەسەریەتی. وەک ئاماژەم پێدا، ئەمڕۆ مەشقێکمان لە کۆلۆرادۆ لەگەڵ ئوردن دەستپێکرد.
هەفتەی رابردووش سەرکردە سەربازییەکانی ناوچەکەمان بۆ کۆنفرانسێک کۆکردەوە بۆ
تاوتوێکردنی رێگەکانی بەرزکردنەوەی هاوئاهەنگی و هاوکاری. کەواتە سەرنجی سەرەکیی
ئێمە لەسەر بەهێزکردنی هاوبەشییەکان و خێراکردنی داهێنانە.
رووداو: کاپتن، نامەوێت هیچ ئۆپەراسیۆنێکی
سەربازی یان هەواڵگری ئاشکرا بکەیت، بەڵام دەبێت بپرسم، لەنێو هەموو ئەو هەڕەشانەی
کە سێنتکۆم ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چاودێرییان دەکات، کامەیان زیاتر لە
هەمووان خەوت لێ دەزڕێنێت؟
تیم هۆکینز: من دەخەوم؛ خەو گرنگە، بۆیە
شەوان زۆر باش دەخەوم. پێموایە سەرکردەکانمان بە هەمان شێوەن، چونکە ئێمە بە تەنیا
کار ناکەین. ئێمە بە تەنیا رووبەڕووی ئەم ئاستەنگانە نابینەوە. سوپای ئەمریکا کاری
زۆر دەکات و پەیوەندی و هاوپەیمانیی بەهێز لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکان دەپارێزێت.
وەک پێشتریش گوتم، مەشقی زۆر ئەنجام دەدەین، پێکەوە پلاندانان دەکەین، پێکەوە کار
دەکەین و پێکەوە رووبەڕووی ئاستەنگ و دەرفەتە هاوبەشەکان دەبینەوە. بۆیە ئێمە زۆر
گەشبینین و لە هەمان کاتدا واقیعبینیشین.
رووداو: هێزەکانتان چەندین ساڵ هاوبەشییان
لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات و هەروەها پێشمەرگەدا کرد بۆ شەڕی دژی تیرۆر لە
ناوچەکەدا. کوردیش وەک دۆست سەیری ئەمریکییەکان دەکات. هیچ وتەیەکت هەیە بۆ گەلی
کورد لە کاتێکدا هێزەکانتان لە هەرێمی کوردستان دەکشێنەوە؟
تیم هۆکینز: ئەوان ساڵانێکی زۆر هاوبەشێکی
بەهێز بوون لە شەڕی دژی تیرۆریستان و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی
هەرێمایەتی. کاتێک ئێمە دۆخەکە دەگۆڕین و رێکخستنەوە بۆ هێزەکانمان دەکەین، بە
تامەزرۆییەوە دەڕوانینە بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ ئەو ئامانجانە. دیدگەی
بەرفراوانتری ئێمە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بریتییە لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی. پێمان
وایە ئەوەی بنەمایە بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا ئاسایشە،
بەتایبەتی ئاسایش لە رێگەی بەهێزکردنی هاوبەشی و هاوپەیمانییەکانەوە. بۆیە لە
داهاتووشدا بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی کارکردن لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانمانین لە
سەرتاسەری ناوچەکەدا.
رووداو: دوایین پرسیارم بۆ تۆ کاپتن. دواین
زانیاری چییە سەبارەت بەو چەکانەی کە بەپێی دەنگۆکان بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران
نێردرابوون، بەڵام دەگوترێت لەلایەن کوردەوە هێڵدرابوونەوە، وەک ئەوەی سەرۆک ترەمپ
چەندین جار ئاماژەی پێدا؟
تیم هۆکینز: ئەگەر هەر پرسیارێکت لەو
بارەیەوە هەیە، بە باشی دەزانم روو لەوانە بکەیت کە رەنگە ئەو چەکانەیان
وەرگرتبێت. یاخود ئەگەر باسی ئەوە دەکەیت کۆشکی سپی یان سەرۆک قسەی لەسەر کردووە،
ئەوا باشتر ئەو پرسیارە لە کۆشکی سپی بکەیت. من هیچ زانیارییەکم لەسەر ئەو بابەتە
پێ نییە.
رووداو: زۆر باشە. کاپتن تیم هۆکینز،
گوتەبێژی فەرمیی سێنتکۆم، زۆر سوپاس. سوپاس بۆ کاتەکەت. پێزانینم هەیە.
تیم هۆکینز: سوپاس.
.webp&w=3840&q=75)
