رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەڕێگەی گشتاندنێکی فەرمییەوە چوار بڕیاری لەبارەی راوێژکارەکانی دەرکرد و بەپێی بڕیارەکان لێدوانی میدیایی و بەشداریکردن لە کۆنفرانس و پانێڵەکان بە هەموو شێوەیەک لە سەرجەم ڕاوێژکارەکانی قەدەخە کرا.
بەپێی نووسراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە لە 13ـی ئەیلوولی 2026 دەرچووە و واژۆی ئیحسان عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەرە، ئاراستەی سەرجەم راوێژکارانی عەلی زەیدی کراوە بۆ جێبەجێکردنی دەستبەجێی رێنمایییەکان.
بەپێی بەڵگەنامەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە کە بە هەموو شێوەیەک لێدواندان لەڕێگەی کەناڵە ئاسمانییەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەناڵە بینراو و بیستراوەکان، یان هەر هۆکارێکی دیکەی راگەیاندن قەدەخەیە، چ ئەو لێدوانە پەیوەست بێت بە ئەرک و کاری راوێژکارییەکەیانەوە یان هەر بابەتێکی دیکە بێت.
هەروەها ئامادەبوون لە کۆنفرانس، سیمینار، ئاهەنگ و بەرنامە حکومی یان تایبەتەکان، تەنیا بەرەزامەندیی پێشوەختەی خودی سەرۆکوەزیرانی عێراق یان بەڕێوەبەری نووسینگەکەی دەبێت.
هەر بەپێی بەڵگەنامەکە، بڕیارێکی دیکە ئەوەیە، کردنەوەی هەر نووسینگە یان بارەگایەک بە ناوی سەرۆکوەزیران، نووسینگەی سەرۆکوەزیران یان هەر دامەزراوەیەکی سەر بەو نووسینگەیە بە تەواوی قەدەخەیە و هەروەها نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، تاکە لایەنی فەرمیی رێگەپێدراوە بۆ لێدوان و نوێنەرایەتیکردن لە سەرجەم ئەو بڕگانەی سەرەوە.


.webp&w=3840&q=75)