رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سەندیکای کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق دەڵێ، بەشێکی بازرگانانی عێراق بەهۆی سزاوە پەنا بۆ بازاڕی دۆلار دەبەن.
سەبارەت بە راگەیێندراوەکەی دوێنێ شەممەی بانکی ناوەندیی عێراق، کە هۆکاری دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری بۆ بەشێک لە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو گەڕاندەوە، رۆژی یەکشەممە، 20ی ئەیلوولی 2026، زیا تائی، سەرۆکی سەندیکای کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بانکی ناوەندیی عێراق بە گشتی کۆمپانیا فەرمی و مۆڵەتپێدراوەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی تۆمەتبار نەکردووە، بەڵکو مەبەستی لەو کەس، لایەن و کەناڵە نافەرمییانەیە کە دەنگۆ و گرژییەکان دەقۆزنەوە تاوەکو قازانج لە گۆڕانکارییەکانی نرخی دراو بکەن."
بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار "بۆ پێشبینییە چەواشەکارەکان و خراپ بەکارهێنانی دۆخی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە دەگەڕێتەوە لەلایەن هەندێک کەسەوە، کە سوودمەندن لە شڵەژاندنی دۆخی ئابووری و دارایی وڵات."
زیا تائی گوتی: "فاکتەری دەروونی و میدیایی لەم چەند رۆژەی دواییدا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بازاڕ دروستکردووە، بەجۆرێک پێشبینییە نەرێنییەکان زوو بڵاوبوونەتەوە و وایان لە بەشێک لە هاووڵاتییان و بازرگانان کردووە خواست لەسەر کڕینی دۆلاری نەختینە زیاد بکەن، ئەمەش گوشاری کاتیی خستووەتە سەر نرخەکە."
سەرۆکی سەندیکای کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو رایگەیاند: "بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە، بانکی ناوەندی بەردەوامە لە دابینکردنی پارە بۆ حەواڵەی دەرەکی، پاکتاوی کارتە بانکییەکان و دۆلاری گەشتیاران لە رێگە فەرمییەکانەوە و هیچ پچڕانێک نییە، بەڵام هۆکاری مانەوەی جیاوازیی نرخ ئەوەیە کە بەشێکی خواست لەسەر دۆلار بە کەناڵە و رێڕەوە فەرمییەکاندا تێپەڕ نابێت."
زیا تائی روونیکردەوە: "چەندین مامەڵە و بازرگانی هەن لەگەڵ وڵات یان لایەنێک دەکرێن کە رووبەڕووی سنووردارکردنی حەواڵە بوونەتەوە، لەگەڵ خواستی نەختینەیی هاووڵاتییان و حەواڵەکردنی پارە و حەقدەستی کرێکارانی بیانی لە عێراقدا، ئەمانە هەموویان لە دەرەوەی دەروازەکانی پلاتفۆرمی فەرمیی بانکی ناوەندین و ناچارن پەنا بۆ بازاڕی نێوخۆیی ببەن."
باسی لەوەش کرد، بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە 16ـی ئەیلوولی 2026 بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بە بڕی 25 خاڵی بنەڕەتی بۆ مەودای 3.75% تاوەکو 4.00%، هۆکارێکی دەرەکیی دیکە بووە بۆ زیاتربوونی خواستی جیهانی لەسەر دۆلار.
لەبارەی کەمبوونەوەی دۆلاری کاش بۆ گەشتیاران و کۆمپانیاکانی دراو، زیا تائی رەتیکردەوە پچڕانی گشتی هەبێت و گوتی: "ناتوانین بڵێین کەمی یان پچڕانی تەواوەتی هەیە، بەڵکو هەندێک کات رێوشوێنی تووند و رێکخستنی نوێ دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی دۆلارەکە بگاتە دەستی گەشتیاری راستەقینە و رێگری لە فێڵکردن بکرێ، بەڵام سرووشتییە کە هەر تووندکردنەوەیەکی رێکارەکان بە شێوەیەکی کاتی بەشێک لە خواست بەرەو بازاڕی هاوتەریب پاڵپێوەدەنێت."
باسی لەوەش کرد کە پێویستە هاوسەنگی لەنێوان چاودێریی تووند و ئاسانکاری بۆ گەیشتنی گەشتیار بە دۆلار رابگیرێ تاوەکو گوشار لەسەر بازاڕ کەم بێتەوە.
سەبارەت بە مەترسییەکانی بەردەوامیی دابەزینی بەهای دینار، سەرۆکی سەندیکای ئاڵوگۆڕی دراو رایگەیاند: "دۆخی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکان لە پاڵ بەرزکردنەوەی سوود لەلایەن ئەمریکاوە کاریگەرییان لەسەر دەروونی بازاڕ هەبووە. چارەسەریش بریتییە لە بەردەوامیی دابینکردنی دۆلاری فەرمی، ئاسانکاری بۆ سوودمەندانی راستەقینە، چارەسەرکردنی ئەو بازرگانییانەی پەنا بۆ بازاڕی هاوتەریب دەبەن، و بەرەنگاربوونەوەی دەنگۆ ناڕاستەکان."
چەند رۆژێکە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بەهای 100 دۆلار گەیشتوەتە 159 هەزار دینار و ئەمڕۆش بەهاکەی 158.450 دینارە.



