رووداو دیجیتاڵ
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، داوای لە ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد پابەندی وادەی دیاریکراوی کشانەوەیان بن لە عێراق، کە 30ی ئەیلوولە و رایگەیاند، دوای ئەو رێکککەوتە هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری عێراق دا قبووڵکراو نییە.
موقتەدا سەدر، رۆژی یەکشەممە (20ی ئەیلوولی 2026)، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کشانەوەی چاوەڕوانکراوی هێزە بیانییەکان "سوودی بۆ عێراق و بۆ ئەوانیش و بگرە بۆ هەموو جیهان دەبێت"، هاوکات هۆشداریدا لەوەی ئەو کشانەوەیە ببێتە سەرەتایەک بۆ دەستوەردانی دەرەکی و زیان بە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق بگەیێنێت.
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، ئاماژەی بەوەدا هەر جۆرە دەستوەردانێک لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و نادراوسێوە رەتدەکاتەوە و داوای لە سیاسییەکانی عێراق کرد، جارێکی دیکە داوای دەستوەردانی ئەمریکا نەکەنەوە.
سەرد روونی کردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رێگەی هێزی وشکانی، پاراستنی سنوور و هێزی ئاسمانییەوە، توانای پاراستنی وڵاتیان هەیە و دەبێت بە تەنیا لەژێر فەرمانی حکومەتی ناوەندیدا بن.
موقتەدا سەدر، باسی لەوە کرد عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە "یەک ریز دەبن دژی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی" و هیوای خواست رۆژی 30ی ئەیلوول ببێتە سەرەتای گەشەسەندنی عێراق و کۆتاییهاتنی گەندەڵی، ستەم، دیکتاتۆری، داگیرکاری و تیرۆر.
سەدر، پێویستیی بەهێزکردنی دەزگا ئەمنییەکانی لەژێر سەرپەرشتیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا دووپاتکردەوە و رایگەیاند، بەبێ هیچ پاڵپشتییەکی دەرەکی، بەردەوام دەبن لە "بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری، تیرۆر و گەندەڵی".



