رووداو دیجیتاڵ
هاوکاریکردنی دارایی قوتابیانی کەمدەرامەت ساڵێکە راگیراوە و لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق هەوڵ دەدات لە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوودا جێی بکرێتەوە. ئەندامێکی کوردی لیژنەکەش رایگەیاند، داوا دەکەن ئەگەر بڕیاردرا، هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
بەگوێرەی مادەی 52ـی یاسای بودجەی سێ ساڵیی عێراق (2023, 2024 و 2025)، مانگانە هاوکارییەکی دارایی تەرخان دەکرا بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کەمدەرامەتن و خێزانەکانیان لەلایەن تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتییەوە پشتیوانی دەکران. ئەوەش بە مەبەستی هاندانی منداڵی خێزانە کەم دەرامەتاکن بۆ درێژەدان بە خوێندن و وازنەهێنان لێی.
د. ئەحمەد خەلەف موسەوی، سەرۆکی دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، رۆژی دووشەممە 21ی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵی رابردووی خوێندن، وەزارەتی دارایی عێراق پارەی بۆ وەزارەتی پەروەردە دابین نەکرد، بۆیە دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە بەسەر قوتابیانی کەمدەرامەتدا راگیرا."
سەرۆکی دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بۆ دابەشکردنی، پێویستە ئەو پارەیە لە بودجەی ساڵی 2027ـدا جێگیر بکرێ.
بەگوێرەی یاسای بودجەی سێ ساڵە، مانگانە 30 هەزار دینار بۆ قوتابی قۆناخی سەرەتایی، 50 هەزار دینار بۆ قۆناخەکانی ناوەندی و ئامادەیی، 100 هەزار دینار بۆ خوێندکارانی بەکالۆریۆس و 150 هەزار دینار بۆ خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا تەرخان کرابوو، کە بۆ ئەو خێزانە کەمدەرامەتانە بوو کە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان هەیە.
هاوکارییەکە هەموو قوتابی و خوێندکارێکی خێزانێکی دەگرتەوە و ساڵانە بۆ ماوەی 9 مانگ، لە 1ی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو 30ی حوزەیران خەرج دەکرا. وەزارەتی پەروەردەی عێراق پێی وایە پێدانی ئەو پارەیە وازهێنان لە خوێندن کەم کردووەتەوە.
هەر لەو بارەیەوە کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خەرجکردنی ئەو هاوکارییە داراییە، پەیوەستە بە یاسای بودجەی فیدراڵیی عێراقەوە."
هەر لەو بارەیەوە، چیمەن حوسێن سورچی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەی پەروەردە نووسراوی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکات بۆ ئەوەی ئەو بابەتە لە بودجەی ساڵی 2027ـدا جێی بکرێتەوە و داواش دەکەین بڕیارەکە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە."
بەگوێرەی ئاماری پێشووتری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، 2 ملیۆن و 300 هەزار قوتابی و خوێندکار لەو هاوکارییە سوودمەند بوون، بەڵام پڕۆژەکە هەرێمی کوردستانی نەگرتەوە.
سەبارەت بە ناوچەکانی مادەی 140، کامەران عەلی حەسەن، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشتر خوێندنی کوردیش لە کەرکووک لەو پارەیە سوودمەند بوو. ئەو خێزانانەی کەمدەرامەت بوون و مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان هەبوو، لە رێگەی چاودێریی کۆمەڵایەتییەوە پارەکەیان پێ دەدرا، بەڵام ساڵی رابردوو راگیرا."
سانا گەرمیانی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە راگیراوە.



