رووداو دیجیتاڵ
ئەو رۆژە وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی
کوردستان، لەبەرنامەدا نەبوو لە لوتکەی سلێمانی گوتاری هەبێت، بەڵام کورتبوونەوەی
کاتی بەرگری لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق و مەترسی لەدەستدانی مافەکانی خەڵکی کوردسان
وای لە ئاوات شێخ جەناب کرد ( پێنجشەممە 17ی ئەیلول) وەقتی لە بولوەقتێ بخوازێ تاوەکو لانیکەمی
مەترسییەکان لەبەردەم سەرۆککۆمار و سەرۆکی هەرێمی کوردستان (کە هەردووکیان
ئامادەبوون) و خەڵک بخاتە روو، هەر لەوێوە داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق بکات، بێتە
سەر هیڵ تاوەکو دەسەڵاتەکەی بەکاربهینێت، دەستوەردان بکات مافی خەڵکی کوردستان
پێشێل نەکرێت.
وادیارە ئاوات شێخ جەناب بەتەواوی بیرکردنەوەی
فالح ساری، وەزیری دارایی فیدراڵی خوێندووەتەوە، بەتایبەت کە وەزیرە فیدراڵەکە
ئەزموونی درێژی لەگەڵ بودجە هەیە، هەرچەندە خۆی پسپۆڕیی ژمێریارییە نەوەکو بودجە.
ئەم وەزیرەی عێراقی فیدراڵ، سەرۆکی لیژنەی
دارایی بوو کاتێک پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە سێ ساڵییەکەی رابردوو، خرایە نێو
خەرجی راستەقینە.
لەم روانگەیەوە دەبێت هەرێمی کوردستان خۆی بۆ
گفتوگۆیەکی چڕی تاقەتپڕوکێن ئامادە بکات تاوەکو لانی کەمی مافەکانی خەڵکی کوردستان
لە بودجەی عێراق فیدراڵ بەدەست بێنێت، ئەوەش لانیکەم بە چوار قۆناخدا دەڕوات؛ فەرمانگەی
بودجەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ و کۆبوونەوە تەکنیکییەکان، قۆناخی تێپەڕبوون بە
کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی ئەنجوومەنی وەزیران، سێیەم قۆناخ لیژنەکانی ئەنجوومەنی
نوێنەران و قۆناخی کۆتایی، کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران.
ئەم پشکەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق،
ساڵانە یەکێکە لە گرنگترین پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لە قۆناخە جیاجایاکاندا
رووبەڕووی چەندین کۆسپی یاسایی، سیاسی و دارایی دەبێتەوە. ئەم کۆسپانە وادەکەن ئەو
بڕەی لە کۆتاییدا دەگاتە هەرێمی کوردستان، زۆر کەمتر بێت لەو رێژەیەی کە چاوەڕوان
دەکرێت.
لەم راپۆرتەدا، بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی،
بەرپرسانی حکومیی، پەرلەمانتاران، شارەزایانی ئابووری و دەقی یاسای بودجەی عێراق،
تیشک دەخەمە سەر گرنگترین ئەو کۆسپانە.
یەکەم: خەرجیی سیادی
و حاکیمە
یەکێک لە گەورەترین کۆسپەکان، شێوازی هەژمارکردنی
پشکی هەرێمی کوردستانە دوای دەرهێنانی "خەرجیی سیادی" و "خەرجیی
حاکیمە".
* خەرجیی سیادی: ئەم خەرجییە نزیکەی 106 بەشی لە بودجە پێدراوە کە
دامەزراوەی فیدراڵیین، وەک سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، ئەنجوومەنی دادوەری، وەزارەتەکانی
بەرگری و ناوخۆ، سوپا و دەزگا ئەمنییەکان، لەنێویاندا حەشدی شەعبی. بەڵام مووچە و
پێداویستییەکانی هێزی پێشمەرگە لەخۆناگرێت.
* خەرجیی حاکیمە: ئەمەش خەرجییەکانی وەک قەرزی دەرەکی، فۆڕمی خۆراک، دەرمان
و کڕینەوەی گەنم لە جووتیاران دەگرێتەوە.
یەکشەممە ( دوێنێ) سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی
هەرێمی کوردستان، وەزارەتەکانی داد، دارایی و ئابووری، هەروەها پلاندانان راسپاردن
بۆ ئامادەکردنی تێبینیی یاسایی و دەستووری لەبارەی پڕۆژەیاساکانی قەرز و بەخشین لە
حکومەتی فیدراڵی.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەریمی
کوردستان دەڵێت، کاتێک ئەم دوو جۆرە خەرجییە لە کۆی گشتیی بودجە دەردەهێنرێن، نزیکەی
35٪ بۆ 40٪ی بودجەکە کەم دەکاتەوە، ئینجا پشکی هەرێمی کوردستان لەو بڕە کەمکراوەیە
هەژمار دەکرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان سوودێکی زۆر کەم لەم خەرجییانە
وەردەگرێت. بۆ نموونە، بەغدا تەنیا بڕێکی کەم دەرمان و گەنم بۆ هەرێمی کوردستان
دابین دەکات و سووتەمەنیی پاڵپشتیکراویشی بۆ نانێرێت.
دووەم: کێشەی
"میلاک"
پێشتر پشکی هەرێمی کوردستان لە میلاکی فیدراڵی
681,021 پلەی وەزیفی بووە، بەڵام بەغدا بە پاساوی ئەوەی پێشمەرگە بەشێک نییە لە سیستمی
بەرگریی عێراق، 23 هەزار پلەی کەمکردووەتەوە.
جگە لەوەش، هەر فەرمانبەرێکی هەریمی کوردستان
خانەنشین دەبێت، رێگە نادرێت فەرمانبەرێکی دیکە شوێنەکەی پڕبکاتەوە، لە کاتێکدا بۆ
پارێزگاکانی دیکەی عێراق ئەمە رێگەپێدراوە. ئەمەش وردە وردە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی
میلاکی هەریمی کوردستان لەلای حکومەتی فیدراڵ.
سێیەم: کارکردن
بە رێژەی 12.67%
تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق کار بە ئەنجامی سەرژمێرییەکی
نوێ ناکات، بەڵکو پشت بە رێژەی 12.67% دەبەستێت بۆ دیاریکردنی پشکی هەرێمی
کوردستان. ئەمە لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان داوای رێژەی 14.14% دەکات.
کێشەکە تەنیا رێژەکە نییە، بەڵکو لە کاتی هەژمارکردنی
دانیشتووانیشدا لە ئەنجامی سەرژمێریی، ئەو ناوچە کوردستانییانەی لە ژێرد کارگێڕی هەرێمی
کوردستانن وەک (مەخموور، دیبەگە، گوێڕ، زوممار و شێخان) براونەتە دەرەوەی هەرێمی
کوردستان و هەژمار ناکرێن.
هاوکات، بەغدا نزیکەی 500 هەزار ئاوارە و پەنابەر کە لە
هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، وەک دانیشتووی هەرێمی هەژمار ناکات. بەمانەش رێژەی هەرێمی کوردستانی لە ئەنجامیت
سەرژمێری کەمکردووەتەوە.
چوارەم: میکانیزمی
"خەرجیی راستەقینە"
بەپێی ماددەی 11ی یاسای بودجە (2023-2025) کە
ئەمجارەش کاری پێدەکرێت، پشکی هەرێمی کوردستان لە "کۆی خەرجی راستەقینە"
(النفقات الفعلیة) دیاری دەکرێت.
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت؛ حکومەتی
عێراق خەرجیی راستەقینەی 15 پارێزگاکەی خۆی هەژمار دەکات، دواتر ئەنجامەکەی دابەشی
18 پارێزگا دەکاتەوە و ئینجا پشکی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات. ئەم
هاوکێشە ئاڵۆزە دەبێتە هۆی زیاتر کەمبوونەوەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان
دەمێنێتەوە.
هەرێمی کوردستان داوا دەکات مووچەی فەرمانبەران
وەک بەشێک لە خەرجیی سیادی یان حاکیمە هەژمار بکرێت، هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق،
بۆ ئەوەی گەرەنتیی ناردنی بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم داوایە جێبەجێ نەکراوە.
لە کۆتاییدا وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق
کرد وەکو "کیانێکی دەستووری" مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات، نەک وەک
کۆمەڵێک پارێزگا.


