رووداو دیجیتاڵ
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ـی ئەمریکی رایگەیاند، کە تاوەکو حوزەیرانی ساڵی 2027 تەواوی گرووپە چەکدارەکان لە چەک دادەماڵدرێن و چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەمێنێتەوە؛ جەختیشی کردەوە، کە چەکداماڵینی ئەو گرووپانە "بژاردەیەک نییە، بەڵکو بابەتێکی ناچاری و شەرەفە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە یەکەمین هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ میدیایەکی بیانی لە شوێنی حەوانەوەی فەرمیی خۆی لە بەغدا، تەواوی سەرنجی خستە سەر هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و گوتی، "ئەمە پرسێک نییە ئارەزوومەندانە بێت، بەڵکو ناچارییە. سەرۆکوەزیرانەکانی پێشوو باسی ئەمەیان کرد، بەڵام دواتر پەشیمان بوونەوە؛ ئەوان چۆکیان بۆ گوشارەکان دادا، بەڵام بۆ من ئەم پرسە لەگەڵ پرسی گەندەڵی، بابەتی شەرەفە."
عەلی زەیدی جەختی کردەوە، کە ئاسایش و ئابووری بە یەکەوە بەستراونەتەوە و گوتیشی: "پێش هەموو شتێک دەبێت چەک لە دەستی دەوڵەتدا قەتیس بکرێت، تاوەکو بتوانیت ئابوورییەکی بەهێز بنیات بنێیت."
وادەی راگەیاندنی رێککەوتنەکە و هەڵوەشاندنەوەی چوار گرووپ
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە رۆژی 30ـی ئەیلوول لەگەڵ تەواوبوونی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بڕگەکانی رێککەوتنی چەکداماڵین رادەگەیێنن.
زەیدی روونیکردەوە کە پلانەکە بە قۆناخ دەبێت؛ سەرەتا مۆڵەتێکی 90 رۆژە دیاری دەکرێت کە تێیدا گرووپەکان هێرش ناکەن و لە بەرامبەریشدا ئەمریکا بۆردوومانیان ناکات، دواتر قۆناخی رادەستکردنی چەکەکان دەستپێدەکات و دەبێت تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2027 تەواو بێت، هەرچەندە گرووپەکان داوایان کردووە مۆڵەتەکە بۆ کۆتایی 2027 درێژ بکرێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە چارەنووسی ئەو چوار گرووپە سەرەکییە کرد، کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتن و گوتی: "ئەو گرووپانە وەک قەوارەی سەربەخۆ نامێنن؛ بەڵکو ئەندامەکانیان تەنیا وەک تاک دەچنە نێو هێزەکانی حەشدی شەعبی و تێکەڵ دەبن. لە دوای وادەی دیاریکراویش، هەر کەس و لایەنێک لەژێر ناوی میلیشیادا بمێنێتەوە و چەکی پێبێت، وەک گرووپێکی یاساشکێن و قەدەخەکراو مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."
زیانی 60 ملیار دۆلار بەهۆی گەمارۆی ئێرانەوە
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەلی زەیدی باسی لە لێکەوتە ئابوورییەکانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران کرد و گوتی بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن تارانەوە، عێراق 60٪ـی داهاتی هەناردەی مانگانەی نەوتی لەدەستداوە، کە بە کۆی گشتی گەیشتووەتە نزیکەی 60 ملیار دۆلار زیان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد، کە ئێران تەنانەت رێگەی نەداوە کەشتییەکانی گوێزەرەوەی نەوتی عێراقیش بە تەنگەکەدا تێپەڕ بن و گوتی، "بە درێژی لەگەڵ لایەنی ئێرانی قسەمان کرد، بەڵام بڕیاری تاران نەگۆڕە؛ ئامانجی ئەوان بەرزکردنەوەی نرخی جیهانیی نەوتە تاوەکو گوشار دروست بکەن و پرسەکە پەیوەندی بەوەوە نییە کە لێیانەوە نزیکین یان نا."
زەیدی گوتی بەغدا کار لەسەر راکێشانی بۆریی نوێی نەوت دەکات لە رێگەی تورکیاوە، بۆ ئەوەی نەوتی عێراق راستەوخۆ بگەیێنێتە بازاڕەکانی ئەورووپا و گوتیشی، "دەمانەوێت پردی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا دروست بکەین؛ لەژێر دەسەڵاتی ئەم حکومەتەدا عێراق دەبێتە خاڵی بەیەکگەیشتن نەک خاڵی دوژمنایەتی."
گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا لەسەر کشانەوەی هێزەکانی
سەبارەت بە داواکاریی گرووپە چەکدارەکان بۆ کشانەوەی سوپای تورکیا لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان وەک مەرجێک بۆ چەکداماڵین، زەیدی ئاشکرای کرد کە لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئەنقەرە بۆ رێککەوتن لەسەر کشانەوەی هێزەکانیان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، کە تورکیا کشانەوەکەی بەستووەتەوە بە نەمانی مەترسیی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر سنوورەکانی، بۆ ئەم مەبەستەش حکومەتەکەی کار لەسەر خشتەیەکی کاتی دەکات تاوەکو هێزە کوردییەکانی نزیک لە پەکەکە لە نێو خاکی عێراقن بخرێنە نێو چوارچێوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ ئەوەی داواکارییەکانی ئەنقەرەش جێبەجێ بکرێن، هاوکات لە رێگەی زیادکردنی هەناردەی نەوت بە بۆریی تورکیادا کار بۆ رازیبوونی ئەنقەرە دەکات.



