رووداو - دیجیتاڵ
عەلى فالح زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، حکومەتەکەی پەرۆشە بۆ بەردەوامبوون لە رێکارەکانى سنوودارکردنى چەک لە دەستى دەوڵەتدا بەگوێرەى دەستوور و یاسا، هەروەها دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا پەرە پێ بدەن.
ئەو گوتانەى عەلى فالح زەیدى لە کۆبوونەوەیەکدا بوو لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمرییکا کە لە نیویۆرک کرا.
لە دەستپێکى کۆبوونەوەکەدا عەلى فالح زەیدى گوتى: "ئەمە یەکەم کۆبوونەوەى دووقۆڵیمانە، هیوادارم بە ئەنجام بێت و کۆبوونەوەى دیکەى بەدوادا بێت".
ئەو کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەى سەردانى عەلى فالح زەیدى بوو بۆ ئەمەریکا کە بڕیارە بەشدارى بکات لە کۆبوونەوەى کۆمەڵەى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمەریکاش کۆببێتەوە.
بەگوێرەى نووسینگەی رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا عەلى فالح زەیدى رایگەیاندووە، حکومەتەکەى پەرۆشە بۆ تەواوکردنى شایستەکانى تایبەت بە سەروەرى وڵات و رێکارەکانى سنووردارکردنى چەک لە دەستى دەوڵەت بەگوێرەى بنەما دەستووری ویاساییەکان.
30ى ئەیلول وادەى کۆتاییە بۆ کشانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانى دژى داعش لە عێراق، ئەو هەنگاوە مەرجى هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەى سنووردارکردنى چەک لە دەستى دەوڵەت.
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، حکومەتەکەى کار لەسەر بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمریکا دەکات و ئاستى هاوبەشى ستراتیژییان بەرز دەکاتەوە لە چوارچێوەى هاریکاریى ئابووری و بونیاتنەر، بەشێوەیەک کە وابکات بوارەکانى کارى هاوبەش زیاتر بکرێن.




