رووداو دیجیتاڵ
گرووپی چەکداریی (ئەسحابولکەهف) هەر جۆرە هەوڵێک بۆ وەرگرتنەوەی چەک لە گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە رەتدەکاتەوە و مەرجی رێکخستن یان گفتوگۆکردن لەسەر چەکەکانیان دەبەستێتەوە بە کشانەوەی تەواوەتیی سەرجەم هێزە بیانییەکان لە عێراق، بەتایبەت هێزەکانی ئەمریکا و تورکیا.
درەنگی شەوی دووشەممە، گرووپی چەکداریی (ئەسحابی کەهف) کە بەشێکە لە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە کاتێکدا دەیانەوێت چەکی پیرۆزی مقاوەمە وەک هۆکاری کێشەکان پێشان بدەن، وڵاتانی وەک لیبیا و سوودان نموونەی حاشاهەڵنەگرن کە بەبێ بوونی مقاوەمەش ئارامییان بەخۆوە نەدیوە."
لەبارەی پرسی کۆکردنەوە و رێکخستنی چەک، گرووپی ئەسحابولکەهف مەرجی سەرەکیی خۆی خستووەتەڕوو: "رێکخستنی چەک پڕۆژەیەکی نیشتمانییە و خێری بۆ عێراق تێدایە، بەڵام ئەم هەنگاوە دەبێت لە دوای کشانەوەی سەرجەم هێزە بیانییەکان بێت لە خاکی عێراق، لەوانە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هێزەکانی داگیرکەری ئەمریکی و هێزەکانی تورکیا و کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرەکانی داگیرکاری."
گرووپە چەکدارەکە بانگەشەی ئەوە دەکات "ئامانجی باڵای چەکی مقاوەمە پاراستنی سەروەریی عێراقە و تاکە رێگە بۆ دەستپێکردنی قسەکردن لەسەر ئەم چەکە و رێکخستنی، بەندە بە کۆتاییهاتنی تەواوەتیی بوونی هێزە بیانییەکان لە عێراقدا."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا، گرووپی ئەسحابولکەهف جەختی لە هەڵوێستی سیاسی و مەیدانیی خۆی کردووەتەوە و رایدەگەیێنێت، "پابەندبوونی تەواو و متمانەی رەهای خۆمان بە سەرکردایەتیی شێخ ئەکرەم کەعبی (ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا) دووپات دەکەینەوە، کە هەڵوێستێکی نەگۆڕە و بە تێپەڕبوونی کات ناگۆڕێت."
4ی ئەیلوولی 2026، عەلی ئەسەدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی نوجەبا رایگەیاندبوو، رووانگەی ئەوان بۆ چەکەکەیان نەگۆڕاوە، بەتایبەتی لە سایەی ئەو "مەترسی و هەڕەشە واقیعییانەی" کە عێراق و ناوچەکە رووبەڕووی دەبنەوە؛ دەشڵێت، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە "تێگەیشتن و پێشوازییەوە" گوێیان لەو پێشنیاز و بیرۆکانە گرتووە.
پرسی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت یەکێکە لە بڕگە سەرەکییەکانی بەرنامەی کاری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
تاوەکو ئێستا گرووپە چەکدارەکانی وەک کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، سەیدولشوهەدا و بزووتنەوەی نوجەبا رەتی دەکەنەوە چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت بکەن.



