رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق پیرۆزبایی راگەیاندنی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت، ئەم هەنگاوە وێستگەیەکی دیارە لە پتەوکردنی سیستمی ئەمنیی عێراق دا، پێشمەرگەش بە "بەشێکی رەسەنی سیستمی بەرگریی نیشتمانی" ناودەبات.
رۆژی سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق بەبۆنەی راگەیاندنی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی، فەرماندە و پێشمەرگەکان کرد و رایگەیاند، "پیرۆزبایی ئەم هەنگاوە گرنگەتان لێ دەکەم کە وێستگەیەکی دیارە لە رێڕەوی یەکخستنی هەوڵە سەربازییەکان و بەهێزکردنی سیستمی ئەمنیی عێراق."
سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق لە پەیامەکەی دا ئاماژەی بەوە کردووە، راگەیاندنی یەکخستنی هێزەکان لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەییدایە و دەبێتە "پایەیەکی گرنگ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دیسپلین و ئامادەیی، هەروەها چەسپاندنی پرەنسیپی یەکێتیی دامەزراوەی سەربازی و ئەمنی لە پاراستنی نیشتمان و هاووڵاتیان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان دا."
یارەڵڵا رایدەگەیێنێت کە ئەوان لە وەزارەتی بەرگریی عێراق دووپاتی دەکەنەوە، هاوئاهەنگی و هاوکاریی نێوان هێزە چەکدارەکانی عێراق و پێشمەرگە پێویستە بەردەوام بێت و گوتی، "پێشمەرگە و سوپا بەشێکی رەسەنی سیستمی بەرگریی نیشتمانین، لە کاتی شەڕەکانی رزگارکردنیشدا سەلماندیان کە لە یەک سەنگەردا و شانبەشانی یەکتر بەرگرییان لە خاک و گەلی عێراق کردووە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی دا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق دەستخۆشی لە سەرکردایەتیی سیاسی و سەربازیی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ هەوڵەکانیان لە یەکخستنی پێشمەرگە و بەدیاریکراوی ناوی سەرکردەکان دەهێنێت: "پێزانینمان هەیە بۆ ئەو هەوڵانەی لەلایەن سەرکردایەتیی سیاسی و سەربازیی هەرێمی کوردستان دراون، لە سەروویانەوە بەڕێزان مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسروور بارزانی، قوباد تاڵەبانی، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆک ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە لەپێناو یەکخستنی پێشمەرگە و پەرەپێدانی تواناکانیان."
عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا دەڵێت، چاویان لە فراوانکردنی هاوئاهەنگییەکانە بەجۆرێک کە لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نیشتماندا بێت.
لە هەنگاوێکی مێژووییدا بۆ کۆتاییهێنان بە دابەشبوونی چەندین ساڵەی هێزەکانی پێشمەرگە، رۆژی دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026 لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، یەکخستنی تەواوەتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کۆتاییهاتنی پرۆسەی چاکسازی لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندرا.
ئەم پرۆسەیە بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسانی دیکەی باڵای سیاسی و سەربازی بەڕێوەچوو.
بەپێی ئەم رێکخستنەوە نوێیە، دەیان هەزار پێشمەرگەی سەر بە یەکەکانی 70 و 80 دەچنە نێو چوارچێوەیەکی یەکگرتووی سەربازیی نیشتمانی لەژێر فەرماندەیی راستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
شۆڕش ئیسماعیل رۆژی دووشەممە، لە بەرنامەکەیەکی تایبەتدا لەگەڵ رەنج سەنگاوی رایگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە دەبنە یەک هێز و نابێت رەنگدانەوەی حیزبایەتییان پێوە دیار بێت.



.jpg&w=3840&q=75)