رووداو دیجیتاڵ
بەگوتەى بەرپرسێکى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگیى شیعەکان، حکومەت پێشنیازێکى شەش خاڵى داوەتە گرووپە چەکدارەکان لەبارەى پرۆسەى کۆنترۆڵکردنى چەک لە دەستى دەوڵەت، کە دوایین قۆناخى لە ناوەڕاستى 2027 دەبێت، بەرپرسێکى دیکەى ئەو هاوپەیمانییە دەڵێت، رێککەوتن کراوە، ناوى پرۆسەکە بۆ "رێکخستنى چەک" بگۆڕن.
دانوستاندنى نێوان لیژنەیەکى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعەکان لەگەڵ سێ گرووپى چەکدار بەردەوامە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەى کۆنترۆڵکردنى چەک لە دەستى دەوڵەت دا.
سێشەممە، 22ـی ئەیلوولى 2026، حەیدەر فوئادى، سەرۆکى مەکتەبى سیاسیى هاوپەیمانیى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "پێشنیازێکى شەش خاڵى لەلایەن حکومەتەوە دراوەتە گرووپە چەکدارەکان بۆ ئەوەى رێککەوتنى لەسەر بونیات بنرێت".
بە گوتەى ئەو بەرپرسەى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکایەتى دەکات پێشنیازەکان بریتین لە:
یەکەم: 30ى ئەیلوولى 2026 وادەى کۆتایی ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتی و راگەیاندنى خاڵەکانى رێککەوتن و خشتەى کار بۆ قۆناخى داهاتوو دەبێت.
دووەم: 90 رۆژى دواتر؛ قۆناخى تاقیکردنەوە و هێورکردنەوە، کە تێیدا دەبێت ئەو گرووپانە لەو ماوەیەدا هێرش نەکەن و ئەمریکاش هێرشیان نەکاتەسەر، بۆ ئەوەى متمانە و رەخساندنى دۆخەکە بۆ قۆناخى داهاتوو بهێنرێتە دى.
سێیەم: لەدواى کۆتاییهاتنى ئەو 90 رۆژە، دەست دەکرێت بە رادەستکردنى چەک بەشێوەى رێکخراو و پلەبەندى بە گوێرەى ئەو میکانیزمەى کە رێککەوتنى لەبارەیەوە دەکرێت.
چوارەم: تێکەڵکردن؛ چەکدانانى گرووپەکان وەک تاک دەچنە نێو دەستەى حەشدى شەعبى و دامەزراوە فەرمییەکان، لەگەڵ کۆتاییهێنان بە بوونى گرووپە چەکدارەکان وەک هێزى چەکدارى سەربەخۆ.
پێنجەم: تاوەکو 30ـی حوزەیرانى 2027، پرۆسەى چەکدانان و کۆنترۆڵکردنى بەدەستى دەوڵەت بەگوێرەى خشتەیەکى پێشنیازکراو دەکرێت.
شەشەم: لەدواى تەواوبوونى ئەو دەرفەتە؛ هەر گرووپێک بەردەوام بێت لە کارکردن وەک هێزى چەکدار لەدەرەوەى چوارچێوەى دەوڵەت و یاسا، بە نایاسایی هەژمار دەکرێت.
لەبارەى رێککەوتن لەسەر ئەو پێشنیازە، حەیدەر فوئادى گوتى: "دانوستاندنەکان بەردەوامن، بەڵام پرۆسەکە بەرەو ئەو ئاراستەیە دەچێت".
30ـی ئەیلوول وادەى کۆتاییە بۆ ئەوەى سەرجەم هێزە شەڕکەرەکانى سەر بە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە داعش لە عێراق بکشێنەوە، کە مەرجى هەندێک لە گرووپە چەکدارەکانە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەى رێکخستنی چەک.
بزووتنەوەى نوجەبا، هەردوو کەتیبەکانى حیزبوڵڵا و سەیدولشوهەدا، تاوەکو ئێستا بەفەرمى بەشداریکردنى راستەوخۆیان لە پرۆسەى چەکدانان رانەگەیاندووە و لیژنەکەى چوارچێوەى هاوئاهەنگى و حکومەت دانوستاندنیان لەگەڵدا دەکات.
حوسێن شەیحانى، ئەندامى مەکتەبى سیاسیى بزووتنەوەى سادیقوون کە باڵى سیاسیى عەسائیبی ئەهلى حەقە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "دوایین رێککەوتن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان ئەوە بووە کە ناونیشانى پرۆسەى کۆنترۆڵکردنى چەک لە دەستى دەوڵەت بگۆڕدرێت بۆ "رێکخستنى چەک" و ئەوەى کە پشتى پێ دەبەسترێت ئەوەیە کە ناو دەنرێت بە پرۆسەى چارەسەرى چەکى دەرەوەى دەسەڵاتى دەوڵەت بەگوێرەى چوارچێوەى دەستوورییەکان و خشتە و قۆناخى دیاریکراو".
هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان تاوەکو ئێستا نەچوونەتە ژێربارى رادەستکردنى چەکەکانیان لە چوارچێوەى سنووردارکردنى چەک لەدەستى دەوڵەتدا.
گرووپی ئەسحابولکەهف کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى گروپى موقاوەى ئیسلامى لە عێراق راگەیێندراوێکدا هەر جۆرە هەوڵێک بۆ وەرگرتنەوەی چەک لە گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە رەتدەکاتەوە و مەرجی رێکخستن یان گفتوگۆکردن لەسەر چەکەکانیان دەبەستێتەوە بە کشانەوەی تەواوەتی سەرجەم هێزە بیانییەکان لە عێراقدا، بەتایبەت هێزەکانی ئەمریکا و تورکیا.
یەکلاکردنەوەى چەکى گرووپەکانى نزیک لە ئێران لە لایەن حکومەتى عێراقەوە یەکێک دەبێت لە تاقیکردنەوە سەرەکییەکانى قۆناخى دواى کشانەوەى هاوپەیمانان لە 30ى ئەیلوولدا.
عەلى فالح زەیدى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەى نیویۆرک تایمز ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد کە رۆژی 30ـی ئەیلوول لەگەڵ تەواوبوونی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بڕگەکانی رێککەوتنی چەکداماڵین رادەگەیێنن و پلانەکە بە قۆناخ دەبێت؛ سەرەتا مۆڵەتێکی 90 رۆژە دیاری دەکرێت کە تێیدا گرووپەکان هێرش ناکەن و لە بەرامبەریشدا ئەمریکا بۆردوومانیان ناکات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە چارەنووسی ئەو چوار گرووپە سەرەکییە کرد، کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتن و گوتی: "ئەو گرووپانە وەک قەوارەی سەربەخۆ نامێنن؛ بەڵکو ئەندامەکانیان تەنیا وەک تاک دەچنە نێو هێزەکانی حەشدی شەعبی و تێکەڵ دەبن."
ئەو گرووپانەى کە ئەمریکا داواى چەکدانیان دەکات لە جەنگى ئێران و ئەمریکا بەرپرسیارێتى چەندین هێرشیان گرتووەتە ئەستۆ کە لە ناو عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ سەر بەرژوەندییەکانى ئەمریکا لە ناوچەکە کراون.
پرسی چەکدانانى گرووپە چەکدارەکان یەکێک بوو لە تەوەرەکانى کۆبوونەوەى نێوان عەلى زەیدى و مارکۆ رۆبیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا کە دووشەممە 21ى ئەیلوول لە نیویۆرک کرا.
سێشەممە 22ى ئەیلوولى 2026، تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق، لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس ستایشی هەوڵە هاوبەشەکانی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەکانی ناوچەکە و نووسیویەتی: "وەزیری دەرەوەی لێهاتوومان، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئازای عێراق بەدوای هاوکێشەیەکدا دەگەڕێن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و نەخشەرێگەی گونجاو بۆ دۆخە ئاڵۆزەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."




.jpg&w=3840&q=75)