رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە باڵەخانەیەکی بازرگانی لە رۆژهەڵاتی بەغدا کەوتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی دەڵێ، باڵەخانەکە پابەندی مەرجەکانی سەلامەتی نەبووە.
دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، 22ی ئەیلوولی 2026، ئاگرێکی گەورە لە باڵەخانەیەکی بازرگانیی تایبەت بە مادە خۆراکییەکان لە ناوچەی تاڵبییە لە رۆژهەڵاتی بەغدا کەوتەوە.
نوئاس سەباح شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای هەوڵێکی زۆر، تیمەکانیان توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و رێگری لە تەشەنەسەندنی بۆ باڵەخانەکانی دیکە بکەن، ئەمەش زیانە مادییەکانی کەمکردەوە.
بە گوتەی نوئاس سەباح شاکر، مەرجی سەلامەتی لە باڵەخانەکەدا نەبوو.
سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوە لەلایەن تیمی بەڵگە و تاوانەوە دەستی پێکردووە بۆ زانینی هۆکاری رووداوەکە.
بەگوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانیی عێراق، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 1680 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون، 48٪یان هۆکارەکەی شۆرتی کارەبا بووە.


