رووداو دیجیتاڵ
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتەکەی بەنیازە (کۆنفرانسی بەغدا بۆ وزە) رێکبخات و تێیدا کێڵگە نەوتییە نوێیەکانی عێراق بۆ وەبەرهێنان رادەگەیێندرێن، کە دەرفەتی گرنگ بۆ کۆمپانیا گەورەکانی جیهان دەڕەخسێنن.
بەگوێرەی راگەیێندرای نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی لە نیویۆرک لەگەڵ شاندێکی کۆمپانیای HKNی ئەمریکی کۆبووەوە، کە کۆمپانیایەکی پسپۆڕە لە بواری گەڕان و پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت و گاز.
لە کۆبوونەوەکەدا زەیدی داوای لە کۆمپانیاکە کرد، هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە و کارەکانیان خێراتر بکەن؛ هەروەها پابەندبن بە زیادکردنی کاژێرەکانی کارکردن لە پڕۆژەکانیان لە عێراق بۆ زیادکردنی بەرهەمی نەوت. شاندی کۆمپانیاکە ئامادەیی خۆی بۆ هاوئاهەنگیی زیاتر و خێراکردنی کارەکانیان دەربڕی.
هاوکات لەگەڵ هەوڵەکان بۆ زیادکردنی بەرهەمی نەوت، حکومەتی عێراق کار بۆ چاکسازیی ئابووری و دارایی دەکات. لەم چوارچێوەیەدا، عەلی فالح زەیدی لەگەڵ جیهاد ئەزعور، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیای نێوەڕاست لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باسی گۆڕانکارییەکانی دۆخی ئابووریی جیهان و کاریگەریی قەیرانەکانی ناوچەکە لەسەر بازاڕ و نرخ و هەڵاوسان کرا. زەیدی ئاماژەی بەوە دا، حکومەتەکەی بەردەوامە لە داڕشتنەوەی سیاسەتی دارایی عێراق لە رێگەی فراوانکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی و گۆڕینی بودجە بۆ سیستمی پڕۆژە و ئەدا، کە بڕیارە لە بودجەی ساڵی 2027ـدا جێبەجێ بکرێت.
هەروەها زەیدی لە درێژەی کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ دارین وودز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل و شاندی یاوەری کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی فراوانکردنی هاوبەشی و هاوئاهەنگی لە بوارەکانی گەڕانی نەوتی و پەرەپێدانی کێڵگەکان کرد، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی زیادکردنی بەرهەم و وەبەرهێنانی باشتر لە سامانی نەوتیی عێراق.
بەپێی گوتەی حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، کارنامەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ بەشداری لە 81ـەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بە تەواوی ئابوورییە. عێراق ئێستا چارەسەری ئابووریی گرتووەتەبەر و پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانی هەیە، هەروەها کار بۆ دۆزینەوەی رێڕەوی جێگرەوە دەکات بۆ گەیاندنی نەوتی عێراق بە بازاڕەکانی جیهان. بڕیاریشە زەیدی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.
عەلی فالح زەیدی، ئێوارەی سێشەممە، 22ی ئەیلوولی 2026، لە کۆبوونەوەیەکی فرەلایەنەدا بەشداریکرد کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە لە شاری نیویۆرک داوای بۆ کرابوو، ئەمەش لە کاتی 81ـەمین خولی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوو.
کۆبوونەوەکە سەرۆکی شاندی هەریەک لە سعودیە، بەحرێن، کوێت، ئیمارات، قەتەر، عومان، ئوردن، لوبنان، سووریا، میسر و تورکیای لەخۆگرتبوو، لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک پرسی هەرێمی و نێودەوڵەتی تاوتوێکران، لە پێش هەموویانەوە پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری، پاراستنی بازرگانیی جیهانی و دابینکردنی زنجیرەکانی دابینکاری، هەروەها پارێزگاریکردن لە ئاستەکانی گەشەپێدان لە ئابووریی ناوچەکەدا.
هەروەها زیدی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبووەوە وپەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاوئاهەنگیی سیاسی و ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێکرد.


