رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و یەکێک لە بڕگەکانی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە، تاوتوێکردنی مۆڵەتی درێژخایەنە بە فەرمانبەرانی دەوڵەت.
دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، لەپێناو زیادکردنی داهاتی دەوڵەت، یەکێک کە لە بژارەکان کە حکومەتی عێراق بەنیازە بیگرێتەبەر، پێدانی مووچەی درێژخایەنە بە فەرمانبەران، بە جۆرێک مووچەی بنەڕەتییەکە وەربگرێتەوە و ئەوەی دیکەی لێی ببڕێت.
بەگوێرەی بەرنامەی کار، پێشنیازەیاسەکە بڕیارە لە دانیشتنی ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق هەوڵدەدات فەرمانبەران لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە بەشێک لە مافەکانیان مۆڵەتی درێژخایەنیان پێبدات، ئامانج لەو هەنگاوەش زیادکردنی داهاتە. بەتایبەتی بەشێک لە فەرمانبەران بەرهەمی ئەوتۆیان بۆ دەوڵەت نییە، بۆیە حکومەت لەو رێگەیەوە هەوڵدەدات بارگرانی سەر شانی کەم بکاتەوە.
لە عێراق نزیکەی 5 ملیۆن فەرمانبەر هەیە، بەگوێرەی وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران پێویستیان بە 6 تریلیۆن دینار هەیە.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، بەپێی بڕیاری ژمارە 300ـی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 22-07-2026 بە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەرچووە، وەزیر و سەرۆکی ئەو دەستانەی بە وەزارەتەوە بەستراو نین، دەسەڵاتیان پێدراوە مۆڵەتی بێ مووچە بدەنە ئەو فەرمانبەرانەی داوای دەکەن، بە مەرجێک ماوەی مۆڵەتەکە لە دوو ساڵ تێپەڕ نەکات.
لە بڕیارە نوێیەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، وەزیر و سەرۆکی دەستەی نەبەستراوە بە وەزارەت مافی پێدانی مۆڵەتی بێ مووچەیان هەیە، ئەو ماوەیەی فەرمانبەر لە مۆڵەتی بێ مووچەدا دەبێت، بۆ هیچ مەبەستێکی خزمەت و خانەنشینی هەژمار ناکرێت. هەروەها کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 38ـی ساڵی 2015 راگیرا.
سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، تاوەکو تەواوبوونی ماوەی مۆڵەتەکانیان بەردەوام دەبن، بەڵام بۆ جارێکی دیکە مۆڵەتەکەیان بۆ نوێ ناکرێتەوە. وەزارەتی دارایی و ئابووری و سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران راسپێردراون بۆ دەرکردنی رێنمایی پێویست بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە.


