رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، بەهۆی سزا نوێیەکانی ئەمریکاوە بۆسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران، سەرجەم گەشتەکانی بۆ ئەو وڵاتە راگرت.
لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد و بڕیاریدا بانگهێشتی وەزیری گواستنەوە و بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەکانی عێراق بکات بۆ لێکۆڵینەوە لە لێکەوتەکانی بڕیارەکە.
مونا غورابی، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "داواکارییەک پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی لەناکاو و لێکۆڵینەوە لە لێکەوتە و کاریگەرییە ئابوورییەکانی لەسەر عێراق."
پێشتر، عێراق و ئێران مانگانە نزیکەی 500 گەشتی ئاسمانیان لەنێواندا هەبوو. راگرتنی گەشتەکان ناڕەزایەتیی لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە ئێرانی لێکەوتووەتەوە.
میقداد خەفاجی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی حقوق، گوتی: "ئێمە ئەو بڕیارە رەتدەکەینەوە، بڕیارێکی ناڕەوایە بەرامبەر بە ئێران. هەڵوێستەکانی ئێران لە ساڵانی رابردوو بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە شەڕی داعش جوامێرانە بووە و ژمارەیەک شەهیدیان بۆ بەرگری لە عێراق داوە."
جگە لە راگرتنی گەشتەکان، کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی زەوینی 'مێنسز' و 'ناس' لە فڕۆکەخانەی بەغدا، لە ترسی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، خزمەتگزاریکردنی فڕۆکە ئێرانییەکانیان راگرتووە.
ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکان لەنێوان بەغدا و شارەکانی ئێران، بەتایبەت لە کاتی زیارەتە ئایینییەکاندا، رۆژانە دەگەیشتە 15 بۆ 20 گەشت، بەڵام ئێستا خشتەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا بۆ ئێران بەتاڵە تاوەکو ئەو کاتەی سزاکانی ئەمریکا هەڵدەگیرێن.

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)