رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی ئەیلوولی 2026، سندووقی گەڕاندنەوەی پارەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بە هەوڵی سندووقی گەڕاندنەوەی پارەی عێراق 13 ملیۆن دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی وڵاتەکە لە بانکەکانی فەرەنسا بۆ گەنجینەی دەوڵەت گەڕێندرایەوە، کە بەپێی بڕیاری دادگا دەستیان بەسەردا گیرابوو."
محەممەد عەلی لامی، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی سندووقەکە، رایگەیاندووە: "پرۆسەی گەڕاندنەوەکە بەرهەمی بەدواداچوون و رێکارەکانی سندووقەکە بووە بە هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتی و ناوخۆییە پەیوەندیدارەکان. پارە وەرگیراوەکە لە هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق دانراوە، ئەوەش دوای تەواوکردنی رێکارە پێویستەکان."
سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی سندووقەکە، دەڵێت، "گەڕاندنەوەی ئەم بڕە پارەیە دەستکەوتێکی نوێیە کە دەخرێتە سەر هەوڵەکانی سندووقەکە لە شوێنکەوتنی پارەکانی عێراق و گێڕانەوەیان لە دەرەوەی وڵات." هەروەها دەڵێت، بەردەوام دەبن لە کارکردن و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گێڕانەوەی پارە و سامانی دەوڵەت بۆ گەنجینەی گشتی.


