رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، تورکیا "بە یەکڕیزی و پێکەوەیی پەڕەی تیرۆر دادەخات" و دەشڵێت، "لەمەودوا دەسەڵاتی حکومەتی عێراق لە شنگال باڵادەست دەبێت."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای گەڕانەوەی لە نیویۆرک و بەشداریکردنی لە 81ـەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەنێو فڕۆکەی تایبەتی سەرۆکایەتیی کۆماردا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و وەڵامی پرسیارەکانیانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "ئەمە بۆ ئێمە کێشەیەکی رۆژانە نییە، بەڵکو رزگاربوونی تورکیایە لە کێشەیەکی نیو سەدەیی. بۆ جێبەجێکردنی چوارچێوەی یاسایی، پێویستە رێکخراوەکە (مەبەستی پەکەکەیە)بە کردەیی چەک دابنێت و پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوەکەی تەواو بکات."
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی: "هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی لەمپەر بۆ ئەمە دروست بکرێت، بەڵام ئێمە وەک هاوپەیمانیی جمهوور و وەک دەوڵەت لەمبارەیەوە سوورین. پرۆسەکە هەنگاو بە هەنگاو لەژێر کۆنترۆڵی یەکە پەیوەندیدارەکانماندا بەڕێوەدەچێت و ئینشائەڵڵا لە ماوەیەکی نزیکدا دەگەینە ئەنجام."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە و "لەمەودوا حکومەتی عێراق لە شنگال باڵادەست دەبێت، کە پەکەکە ماوەیەکی زۆرە تێیدا جێگیر بووە. لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق گفتوگۆمان کرد لەبارەی ئەوەی دوای پاککردنەوەی ناوچەکە لە تیرۆر، کۆنترۆڵکردنی چۆن دەبێت. هەروەها بابەتی رادەستکردنی باشیک-مان باسکرد."
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە، دەیانەوێت لەگەڵ عێراق زیاتر باسی "رێگەی گەشەپێدان، بازرگانی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی" بکەن، نەک "تیرۆر".
سەبارەت بەو قەیرانەی بە "قەیرانی سندووقەکان" ناسراوە، ئەردۆغان دڵنیایی دایەوە کە "هیچ مەترسییەک بۆ سەر سیستمی دارایی و ئابووریی تورکیا لە ئارادا نییە."
لەبارەی "رێککەوتنی بەرگریی مەککە"، ئەردۆغان بە "هەنگاوێکی بەهێز لە رێگەیەکی راستدا" وەسفی کرد و گوتی، "ئەگەر دەستپێشخەرییەکی وا گرنگ لە جوگرافیایەکی ئاڵۆزی وەهادا بکەیت، رووبەڕووبوونەوەی هەندێک ئاڵنگاری چاوەڕوانکراوە."


