رووداو - دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، عێراق کار بۆ قۆناخێکی نوێی سەقامگیری و بووژانەوەی ئابووری دەکات و ئاماژەی بەوەشکرد کە دەبێت "بڕیاری شەڕ و ئاشتی و کۆنترۆڵی چەک تەنیا بەدەست دەوڵەت بێت."
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا لە 81ـەمین خولی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دیدگەی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ داهاتوو، ناوچەکە و جیهان خستەڕوو و رایگەیاند: "دیدگەی ئێمە لە ئیرادەی نیشتمانیمانەوە سەرچاوە دەگرێ بۆ گێڕانەوەی شکۆی یاسا و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە کارە لەپێشینە سەرەکییەکانی حکومەتەکەی ئەوەیە کە دەوڵەت خاوەنی بڕیار بێت لە پرسی شەڕ و ئاشتیدا و گوتیشی: "دەبێت چەک و کەرەستەکانی هێز تەنیا لە دەستی دامەزراوە دەستوورییەکانی دەوڵەت بمێننەوە. هاوکات رێوشوێنە جێبەجێکارییەکانمان لەسەر بنەمای یاسا و بەرژەوەندیی نیشتمانییە بۆ بونیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق."
سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، زەیدی گوتی: "لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، پەیوەندیمان لەگەڵ هاوبەشە ستراتیژییەکانمان لە هاوکاریی سەربازییەوە دەگوازینەوە بۆ هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدان؛" هەروەها داوای لە وڵاتان کرد چاودێریی سنوورەکان بکەن و رێگە لە ژینگەی گەشەسەندنی تووندڕۆیی بگرن.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق تیشکی خستە سەر دۆخی ئابووری و روونیکردەوە کە شەڕی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی بەردەوامە و ئامانجیان کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە ئابووریی نەوت. لەبارەی کەرتی وزەیشەوە رایگەیاند: "پلانمان هەیە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو، پەرەپێدانی کێڵگەکانی گاز و هەمەچەشنکردنی هێڵەکانی هەناردەکردن کە عێراق بە وڵاتانی تورکیا، ئوردن و سووریاوە دەبەستێتەوە."
زەیدی باسی لە "پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان" کرد و گوتی: "ئەم پڕۆژەیە دیدگای گشتگیری عێراقە بۆ تەواوکاری و سەقامگیریی ناوچەکە، کە وەک رێڕەوێکی ستراتیژی بۆ بازرگانی و وزە، رۆژهەڵات بە رۆژئاواوە دەبەستێتەوە." هەروەها دووپاتیشی کردەوە کە دەرگایان بۆ هەموو دراوسێ و دۆستەکانیان کراوەیە تا لەم پڕۆژەیەدا بەشدار بن، چونکە "بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان گەشەسەندن و ئارامی دروست دەکەن."
سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامی بۆ وڵاتان نارد و گوتی: "بە جیهان دەڵێین؛ سەرمایەگوزاری لە عێراقدا بکەن، چونکە وڵاتەکەمان خاوەنی سەرچاوە، بازاڕ، پێگەی جوگرافی و ویستە بۆ بونیاتنانی ئابوورییەکی نوێ."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و گوتی: "ئەمڕۆ لاوازەکان دەچەوسێندرێنەوە، چونکە یاسای بەهێزەکان باڵادەستە نەوەک هێزی یاسا. هیچ ئارامییەک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەدی نایەت بێ دۆزینەوەی چارەسەری دادپەروەرانە بۆ کێشەی فەلەستین." هاوکات جەختی لە گەیاندنی بەپەلەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و خەڵکی فەلەستین کردەوە.
سەبارەت بە مەترسییە ژینگەییەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری دا لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، بەبیابانبوون و کەمئاوی کە راستەوخۆ هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراکی عێراق دەکەن و گوتیشی: "پابەندین بە مافە ئاوییە رەواکانمان و داوای بەڕێوەبردنی هاوبەشی سەرچاوەکانی ئاو دەکەین بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان."
دەقی گوتاری عەلی فالح
زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 81ـەمین خولی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە
یەکگرتووەکان لە نیویۆرک:
بەناوی خوای بەخشندە و
میهرەبان
بەڕێز سەرۆکی کۆمەڵەی
گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
بەڕێز سکرتێری گشتیی
نەتەوە یەکگرتووەکان
خاوەنشکۆ، سەرکردە و
بەڕێزان
ئامادەبووانی بەڕێز..
سڵاوی خواتان لێ بێت..
بە شانازی و
سەربەرزییەوە لەبەردەم ئەم کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەدا وەستاوم، وەکو نوێنەری کۆماری
عێراق، وڵاتی یەکەم شارستانییەکان و لانکەی نووسین و یاسا، هەروەها یەکێک لە
دەوڵەتە دامەزرێنەرەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ئەوەی پابەندبوونی
وڵاتەکەم بە پەیماننامە و پرەنسیپەکانی دووپات بکەمەوە و لەم قۆناغە هەستیارەدا
دیدگای عێراق بۆ داهاتووی خۆی، ناوچەکە و جیهان بخەمەڕوو.
عێراق رەنگە زیاتر لە
هەر کەس و لایەنێکی دیکە رووبەڕووی جەنگەکان و لێکەوتە زیانبەخشەکانیان بووبێتەوە؛
ئێمە لەنێو دۆخەکە و گەمارۆ و تیرۆری سەپێنراودا ژیاین. گەلەکەمان باجێکی قورسی بە
گیانی رۆڵەکانی، سەرچاوەکانی و دەرفەتەکانی گەشەپێدانی داوە.
سەرەڕای ئەو هەموو
سەختییانەی کە وڵاتەکەمانیان بەدرێژایی دەیان ساڵ کردبووە گۆڕەپانی جەنگ و
ململانێ، ئەمڕۆ بە تەواوی متمانەوە باس لە دیدگای خۆمان بۆ داهاتوو دەکەین. عێراق
ئاواتەخوازە رۆڵ و کاریگەریی خۆی بگێڕێت، وەک هێزێکی کاریگەری ئابووری لە ناوچەکە
و پردێک بۆ گفتوگۆ و هاوکاری لەنێوان گەلانیدا.
ئامادەبووانی بەڕێز؛
دیدگای ئێمە لەم
قۆناغەدا لە ئیرادەی نیشتمانیمانەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ گێڕانەوەی شکۆی یاسا،
بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی متمانەی هاووڵاتییان پێیان. ئەمانە
کارە لەپێشینە سەرەکییەکانی ئێمەن؛ ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی دەوڵەت تەنیا بڕیاردەر
بێت لە پرسی شەڕ و ئاشتیدا، چەک و کەرەستەکانی هێزیش تەنیا لە دەستی دامەزراوە
دەستوورییەکانیدا بمێننەوە، تاوەکو یاسا دادوەر بێت و بەرژەوەندیی نیشتمانی
قیبلەنما بێت.
هەنگاوە
جێبەجێکارییەکانمان لەم بوارەدا بە ئاراستەیەکی دروستدا دەڕۆن؛ چونکە ئەوانە
بنەمای بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی، پاراستنی سەروەری، چەسپاندنی سەقامگیری و
رەخساندنی ژینگەیەکی لەبارن بۆ گەشەپێدان و وەبەرهێنان.
لەگەڵ کۆتاییهاتنی
ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، پەیوەندیمان لەگەڵ هاوبەشە
ستراتیژییەکانمان پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە، ئەویش لە هاوکاریی سەربازییەوە بۆ
هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدان، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان بکات.
بەو هەنگاوەمان، لەپاڵ سەرکەوتنی عێراقییەکان بەسەر تیرۆردا، ئیرادە و گوڕوتینێکی
دووهێندە بۆ تەواوکردنی بونیادنانی توانا ئەمنی و سەربازییەکانمان زیاد دەکەین بە
مەبەستی پاراستنی خاک، گەل و سەروەریمان.
لەپێناو بەردەوامیی
تەواوکاری لەگەڵ دۆستە نێودەوڵەتییەکانماندا، داوا لە هەمووان دەکەین سنوورەکان
کۆنترۆڵ بکەن، کەلێنەکان پڕبکەنەوە و بەردەوام هۆشیار بن بۆ رێگریکردن لە
دروستبوونی ئەو ژینگەیەی کە توندڕۆیی لێیەوە گەشە دەکات.
ئامادەبووانی بەڕێز؛
لە چوارچێوەی چاکسازیی
دامەزراوەییدا، حکومەتەکەمان رووبەڕووی شەڕی دژ بە گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی
دەبێتەوە. ئێمە بەردەوامین لە چارەسەرە بنەڕەتی و بەردەوامەکان بە مەبەستی
بەرزکردنەوەی کارایی دەدای کارگێڕی و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان. ئامانجمان
بونیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز و ئابوورییەکی هەمەچەشن و سەردەمییانەیە کە هاوتەریب
بێت لەگەڵ گۆڕانکارییە تەکنەلۆژی و دیجیتاڵییەکانی جیهاندا.
ئێمە کار دەکەین بۆ
سوودوەرگرتن لە سەرجەم ئەزموونە سەرکەوتوو و داهێنەرەکان لە جیهانی ئابووری،
دارایی و بازرگانیدا، لەپێناو چاکسازیی ئابووری و دارایی لە وڵاتەکەم و فەراهەمکردنی
ژینگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنانی نیشتمانی و بیانی.
ئەم دیدگایە پشت بەو
بنەما گەورانە دەبەستێت کە عێراق هەیەتی لە سەرچاوە و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە
بوارەکانی وزە، پیشەسازی، کشتوکاڵ، گواستنەوە و تەکنەلۆژیا، جگە لە پێگە جوگرافییە
ناوازەکەی کە ئابووریی عێراق بە جیهانەوە دەبەستێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا،
ئامانجی دیدگاکەمان ئەوەیە عێراق بگوازینەوە بۆ قۆناغێک ببێتە هاوبەشێکی
بەرهەمهێنی کارا لە ناوچەکەدا، لە ڕێگەی کەمکردنەوەی پلەبەندیی کاریگەرییەکانی
ئابووریی پشتبەستوو بە داهاتی نەوت، بەهێزکردنی سیاسەتەکانی بازاڕی کراوە،
پەرەپێدانی تواناکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و وەبەرهێنان لە ژێرخان و
خزمەتگوزارییەکاندا.
لەسەر ئەم بنەمایانە،
نەخشەڕێگەی شیاومان داڕشتووە بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت و دابینکردنی
ئاسانکاری و گەرەنتیی یاسایی، باج و گومرگیی پێویست بۆ گەشەی بازرگانی و بازرگانیی
دەرەکی، هەروەها بونیادنانی هاوبەشیی کارا لەگەڵ بازاڕی جیهانیدا بۆ خێراکردنی
کاروانی گەشەپێدانی بەردەوام.
لە گۆڕەپانی وزەی
جیهانیدا، کاریگەریی عێراق بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەردەکەوێت؛ بەجۆرێک کە
حکومەتەکەمان بەرنامەیەکی پڕ لە خواستی گەورەی گرتووەتەبەر بۆ زیادکردنی
بەرهەمهێنانی نەوتی خاو کە لەگەڵ قەبارەی یەدەگی دڵنیاکراوەماندا بگونجێت، هاوکات
لەگەڵ پەرەپێدانی کێڵگەکانی گاز، فراوانکردنی تواناکانی پاڵاوتن، بەرهەمهێنانی
پێکهاتە نەوتییەکان و پیشەسازیی پترۆکیمیایی.
ئاواتمان ئەوەیە عێراق
ببێتە ناوەندێکی جیهانی بۆ بەرهەمهێنانی وزە و سوود لە تواناکانی وەربگیرێت بۆ
پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی بەردەوام. بەڵام
لە هەمان کاتدا بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە لێکەوتەکانی پەیوەست بە ئازادیی
گواستنەوە و کەشتیوانیی دەریایی و ئەو تەنگژەیەی کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە
لەسەر ئاستی جیهان دروستی کردووە.
بۆ بەرگرتن لە مەترسی و
لێکەوتەکان لەسەر گەلەکەمان، کار لەسەر هەمەچەشنکردنی دەروازەکانمان بۆ
هەناردەکردنی نەوت دەکەین، لەگەڵ پەرەپێدانی هێڵەکانی وزە و ئەو رێڕەوانەی عێراق
بە وڵاتانی تورکیا، ئوردن و سووریاوە دەبەستنەوە تا دەگەنە بازاڕەکانی جیهان، بە
مەبەستی بەشداریکردن لە ئاسایشی وزە و هەمەچەشنکردنی هێڵەکانی دابینکردن.
بەڕێزان؛
هەمەچەشنکردنی ئابووری
لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە، ئامانجێکی ستراتیژیی ناوەندییە لە سیاسەتی
ئابووریماندا، هەر بۆیە حکومەتەکەمان برەودان بە گەشەپێدانی ئابووری و پیشەسازی لە
هەموو بوارەکاندا خستووەتە سەرووی کارە لەپێشینەکانیەوە.
لێرەوە پڕۆژەی "رێگەی
گەشەپێدان" وەک دیدگای گشتگیری عێراق بۆ تەواوکاری و سەقامگیریی هەرێمی دێتە
کایەوە، تاوەکو ببێتە دەروازەیەکی گرنگ و ڕێڕەوێکی ستراتیژی بۆ بازرگانی،
وەبەرهێنان، پیشەسازی و وزە، کە لە بەندەری گەورەی فاوەوە دەست پێدەکات و ڕۆژهەڵات
بە ڕۆژئاواوە دەبەستێتەوە تا دەگاتە تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەورووپا.
ئێمە دەمانەوێت ئەم
پڕۆژەیە بەردەست بێت بۆ هاوبەشی لەگەڵ هەموو دراوسێ و دۆستەکانمان، چونکە بڕوامان
وایە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان خۆشگوزەرانی دروست دەکەن؛ کاتێکیش وڵاتانی ناوچەکە
بە بەندەرەکان، هێڵی ئاسنین، هێڵەکانی وزە، بازرگانی و وەبەرهێنان بەیەکەوە
گرێدەدرێن، بەرژەوەندیی گەورەتریان دەبێت لە پاراستنی سەقامگیریدا.
لەم مینبەرەی نەتەوە
یەکگرتووەکانەوە بە جیهان دەڵێین: لە عێراقدا وەبەرهێنان بکەن؛ چونکە خاوەنی
سەرچاوە، بازاڕ، پێگە و ئیرادەیە بۆ بونیادنانی ئابوورییەکی نوێ. حکومەتەکەمان
بەردەوام کار دەکات بۆ گەڵاڵەکردنی هاوبەشیگەلێک کە بەرژەوەندیی دوولایەنە
بەدیبهێنن، دەرفەتی کار بخوڵقێنن، تەکنەلۆژیا و زانست بگوازنەوە و تواناکانی
بەرهەمهێنانی عێراق پەرەپێبدەن.
ئامادەبووانی بەڕێز؛
ئاسایشی دەوڵەتان و
بەردەوامیی ئاشتی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە لەسەر بنەمای پەیماننامەی نەتەوە
یەکگرتووەکان، سەقامگیریی ڕاستەقینەش بە جەنگ دروست نابێت، بەڵکو بە بەرژەوەندیی
هاوبەش بەدیدێت کە وا دەکات هاوکاری بەسوودتر بێت لە ململانێ.
دیدگای عێراق لەسەر
بەشداریکردن لە گواستنەوەی ناوچەکە لە ململانێوە بۆ تەواوکاری، لە کێبڕکێوە بۆ
هاوکاری، و لە بەفیڕۆدانی سامانەوە بۆ وەبەرهێنانی لە گەشەپێداندا بونیاد نراوە.
بەو بۆنەیەوە، دەستی هاوکاری بۆ هەمووان درێژ دەکەین لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە
سەروەری، دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ، دراوسێیەتیی باش، پتەوکردنی
بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و گرتنەبەری دیالۆگ وەک رێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی
ناکۆکییەکان.
عێراق لەسەر بنەمای ئەم
پرەنسیپانە، هەڵوێستی خۆی لە پاڵپشتیکردنی گفتوگۆ و دیپلۆماسی بۆ نەهێشتنی
ئاڵۆزییەکان دووپات دەکاتەوە، لەپاڵ پشتیوانیکردنی هەوڵەکان بۆ تێپەڕبوونی
بازرگانی بە خاکی عێراقدا بە پێشکەشکردنی ئاسانکاریی گەورە، لەپێناو دابینکردنی
جێگرەوە بۆ رێڕەوە بازرگانییە ئاڵۆزەکان.
ئامادەبووانی بەڕێز؛
عێراق وا دەبینێت
بەرپرسیارێتی بەرامبەر گەلان و ئاسایش و سەقامگیرییان، پێویستی بە کارکردنە بۆ
کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە ڕێگەی دانوستاندنەوە لە پێناو داهاتوویەکی
پارێزراودا و بۆ پێشگرتن لە سەرهەڵدانی دووبارەی جەنگ.
لە بارەگای نەتەوە
یەکگرتووەکاندا کۆپییەکی تابلۆی حامورابی، پاشای بابلییەکان هەیە کە تێیدا هاتووە:
"یاساکان دانراون بۆ ئەوەی بەهێزەکان ستەم لە لاوازەکان نەکەن." بەڵام
لە جیهانی ئەمڕۆماندا دەبینین بێدەسەڵاتەکان دەچەوسێنرێنەوە، چونکە یاسای
بەهێزەکان حوکم دەکات، نەک هێزی یاسا.
بۆیە پرسی فەلەستین
هەمیشە لە هەر وتووێژێک دەربارەی سەقامگیریی ناوچەکەدا ئامادەیە؛ هیچ ئارامییەک لە
رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نابێت بەبێ چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ ئەم پرسە و سەلماندنی
مافی گەلی فەلەستین لەسەر خاکی خۆی، لە مافی دیاریکردنی چارەنووس و دامەزراندنی
دەوڵەتی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی خۆی. لەم بارەیەوە جەخت لە گرنگیی بەپەلەی
ئاسانکاری بۆ گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان و پاراستنی مەدەنییەکان دەکەینەوە.
ئامادەبووانی بەڕێز؛
ئەو ئاسایشەی ئێمە
بەدوایدا دەگەڕێین، تەنیا بە راگرتنی ململانێکان سنووردار نابێت، بەڵکو تێدەپەڕێت
بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی بەبیابانبوون و کەمئاوی؛ کە
ئەمانە ئاستەنگن ڕووبەڕووی عێراق بوونەتەوە و دەست بۆ ئاسایشی خۆراکی دەبەن. لەبەر
ئەوە، دووپاتی دەکەینەوە کە پابەندین بە مافە ئاوییە ڕەوا و دادپەروەرانەکانمان و
داوای بەڕێوەبردنی هاوبەشی سەرچاوەکانی ئاو دەکەین بەپێی پرەنسیپەکانی هاوکاری و
یاسا نێودەوڵەتییەکان.
لە چوارچێوەی مەترسییەکاندا،
بەردەوامین لە رووبەڕووبوونەوەی تاوانی ڕێکخراو لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ سەرجەم
دۆستانمان بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکانی و لەباربردنی بازرگانیی سنووربەزێنی ماددە
هۆشبەرەکان، داواش دەکەین ئاڵوگۆڕی زانیاری و هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی زیاتر بکرێت
بۆ رێگری لەم مەترسییەی کە هەڕەشە لە کۆمەڵگەکان دەکات.
لە نێوەندی ئەم هەموو
ئاستەنگانەدا، مرۆڤی عێراقی ئامانجی کۆتایی ئێمە و لوتکەی هەوڵەکانمانە. بە
پشتبەستن بە ڕێژەی بەرزی گەنجان لە کۆمەڵگەکەماندا، کار دەکەین بۆ ئەوەی بیانکەینە
سەنتەری ڕاستەقینەی ئابووریی داهاتوو لە رێگەی خوێندن، هەمەچەشنکردنی دەرفەتەکانی
کار، پاڵپشتیکردنی کارسازی و پشتگیریکردنی بوارەکانی ئابووریی دیجیتاڵی؛ لەپاڵ
پابەندبوونی دەستووریمان بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان، بەهێزکردنی
بەشداریی ژنان، چاودێریکردنی منداڵان و پاراستنی فرەچەشنیی نەتەوەیی، ئایینی و
کولتووری لە وڵاتەکەماندا.
ئامادەبووانی بەڕێز؛
بە متمانەوە داواتان لێ
دەکەین زیاتر بەرەوڕووی عێراق بکرێنەوە، چونکە ئەو هاوبەشە راستەقینەیەیە کە
توانای هەیە بەشدار بێت لە چەسپاندنی ئاسایش، بەهێزکردنی سەقامگیری و خێراکردنی
گەشەپێدان لە هەموو بوارەکاندا.
لەڕێگەی ئەم مینبەرەوە
دەڵێین: عێراق هەرگیز لە پەراوێزدا نەبووە، بەڵکو دڵی مێژوو و لێدانی دڵی ئێستایە،
هەروەها شایستەی هاوبەشییە بەرەو داهاتوو.
لە کۆتاییدا.. لەم
کۆڕەدا هەڵوێستی پشتیوانیکارمان بۆ رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپات دەکەینەوە و
پێزانینمان هەیە بۆ ئەو هەوڵانەی کە کاری هاوبەشی پشتیوانیکردنی عێراقی لە ڕێگەی
نێردەی (یۆنامی)یەوە بەرجەستە کردووە. جەخت لە هەوڵەکانمان دەکەینەوە بۆ
هاوکارییەکی بەرهەمدار لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە و هیوای سەرکەوتنی بۆ
دەخوازین لە هەوڵەکانیدا بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی شەڕ و ململانێ لە سەرانسەری
جیهاندا.


.jpg&w=3840&q=75)