رووداو دیجیتاڵ رێڕەوی ئاسمانیی نێوان عێراق و ئێران یەکێک بوو لە پڕجووڵەترین و چالاکترینی گواستنەوەی ئاسمانی لە ناوچەکەدا. بەڵام سزاکانی ئەمریکا ئەم گەشتانە پەکدەخات. بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەست رووداو کەوتوون، ساڵانە ملیۆنان سەرنشین لە فڕۆکەخانەکانی عێراقەوە گەشت دەکەن، بەجۆرێک لە ئامارە فەرمییەکاندا کۆی گشتیی سەرنشینانی هاتوو و رۆیشتوو لە فڕۆکەخانەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 8 ملیۆن سەرنشینی ساڵانە. هەروەها تێکڕای جووڵەی فڕۆکەکان (نیشتنەوە و فڕین) ساڵانە زیاتر لە 90 هەزار گەشتی لە سەرانسەری عێراقدا تۆمار کردووە. لەو ژمارەیە، زیاتر لە 17 هەزار گەشتی ئاسمانی لەنێوان عێراق و ئێران بوون و ژمارەی گەشتیارانیش ساڵانە زیاتر لە 2.3 ملیۆن گەشتیار لەنێوان هەردوو وڵات لە رێگەی گەشتی ئاسمانییەوە هاتووچۆیان کردووە. لە نێو سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف ناوەندی سەرەکیی گەشتەکانی نێوان عێراق و ئێرانە. داتاکان دەریدەخەن: - گەشتەکانی نێوان پارێزگاکانی ئێران و نەجەف نێوان 40٪ بۆ 50٪ی کۆی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی ئەم فڕۆکەخانەیە پێکدەهێنن. - زۆربەی سەرنشینانی ئەم هێڵە زیارەتکارن کە بە مەبەستی سەردانی مەزارگە پیرۆزەکان لە ئێرانەوە روو لە نەجەف دەکەن. - دوای نەجەف، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بە پلەی دووەم دێت لەڕووی چڕیی گەشتە رۆژانەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەکانی ئێران. بەگوێرەی خشتەکانی تایبەت بە جووڵەی کۆمپانیا بیانییەکان، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران بەشێکی فراوانی خشتەی فڕینی فڕۆکەخانەکانی بەغدا، نەجەف، بەسرە و هەرێمی کوردستانیان بەدەستەوە بووە. دیارترینی ئەو کۆمپانیایانە بریتین لە (ئێران ئیێەر، ماهان ئیێەر، تابان ئیێەر، زاگرۆس ئیێەرلاینز و قیشم ئیێەر). لە بەرامبەردا، کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە رێڕەوی نێودەوڵەتیی خۆیدا چڕترین گەشتەکانی بە ئاراستەی هەردوو وێستگەی سەرەکیی ئێران ئەنجام داوە، کە بریتین لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی لە تاران و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شەهید هاشمی نەژاد لە مەشهەد. داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کاتە ئاساییەکاندا گەشتەکان بە خشتەیەکی هەفتانەی دیاریکراو بەڕێوەدەچن، بەڵام لە رێوڕەسمە ئاینییەکانی وەک (چلەی ئیمام حوسێن)دا، ژمارەی گەشتەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبنەوە، بە شێوەیەک تەنیا لە دوو بۆ سێ هەفتەدا، زیاتر لە هەزار بۆ هەزار و 500 گەشتی ئاسمانی لەنێوان هەردوو وڵات بۆ گواستنەوەی سەدان هەزار زیارەتکار ئەنجام دەدرێن. وەزیری گواستنەوە بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق دەکرێ موسەننا سائر، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرەتای هەفتەی داهاتوو، وەزیری گواستنەوە، بەڕێوەبەری فڕۆکەوانی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکان و هەروەها بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی بانگهێشت دەکەین، بۆ ئەوەی لەسەر تەواوی ئەم بابەتانە بووەستین." ئەو ئەندامەی لیژنەی گواستنەوە گوتیشی: "پەرلەمان چاوەڕێی لایەنە جێبەجێکارەکانە بۆ ئەوەی قەبارەی راستەقینەی زیانە داراییەکان و وردەکاریی کێشەکە دیاری بکات." هەر ئەمڕۆ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بەغدا لەگەڵ ئەمریکا پرسی سزاکان تاوتوێ دەکات بە مەبەستی رێگەدان بە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بۆ هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران. وەزیری دەرەوەی عێراق روونیکردەوە، حکومەتی عێراق لایەنی ئێرانی لە پرسی قەدەخەکردنی فڕین ئاگادارکردووەتەوە، ئەوەش لە ژێر رۆشنایی ئەو سزا نوێیانەی ئەمریکادایە کە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران و ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی کردووەتە ئامانج کە خزمەتگوزاری پێشکێشی فڕۆکە سزادراوەکانی ئێران دەکەن. رۆژی 20ـی ئەیلوول سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، لە 23ـی ئەیلوولەوە سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران لەجیهان دا دادەخرێن. بڕیارەکە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق و زۆر وڵاتی دیکە بۆ ئێران راگیراون.
عێراق25-09-2026دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: لەئۆپەراسیۆنی سێبەری دادوەری زیاتر لەهەزار تۆمەتبار دەستگیرکراون