رووداو دیجیتاڵ
دوو گرووپی چەکداریی عێراق داوای بڕیارێکی پەرلەمانی دەکەن بۆ پابەندنەبوون بە سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا و هەڕەشەی مانگرتن لەنێو فڕۆکەخانەکان دەکەن.
ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای عێراق، رۆژی شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026 لە پەیامێکدا رایگەیاند: "ناکرێ عێراق ببێتە بەشێک لەو گەمارۆ ستەمکارانەی خراونەتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران".
ئەبو ئالا دەڵێ: "مێژوو ناوی ئەو کەسانەی تۆمار کردووە کە گەمارۆی ئیمام حوسێن و پێغەمبەریان دا؛" گوتیشی: "بۆ عێراقی حوسێن ناگونجێت ببێتە بەشێک لە گەمارۆیەکی ستەمکارانە بۆ سەر ئێرانی زانست و جیهاد و خاکی حەوزە زانستییەکان و زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن."
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای عێراق داوای لە پەرلەمانتاران کردووە کار بکەن بۆ دەرکردنی بڕیارێکی پەرلەمانی کە "حکومەت پابەند بکات چۆک بۆ ویستی شەڕەنگێزانەی ئەمریکا دانەنەوێنێت"، هاوشێوەی ئەو هەڵوێستانەی کە وڵاتانی وەک رووسیا و چین بەرامبەر سیاسەتەکانی ئەمریکا گرتوویانەتە بەر؛ دەشڵێ: "دەبێت عێراق بڵێت نا بۆ گەمارۆ و رێگە نەدات خاکی حوسێن ببێتە رێڕەوێک بۆ ستەمکردن."
هاوکات ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا رەخنەی لەو لایەنە سیاسییانە گرت کە بەرامبەر راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بێدەنگن یان رەزامەندییان نیشانداوە.
ئەکرەم کەعبی گوتی: "قسەکردن لەسەر سەروەری لە کاتێکدا عێراق وەک گوندێکی بچووک لە لایەن ئەمریکاوە کۆنترۆڵ دەکرێ، قبووڵکراو نییە."
ئەمینداری گشتیی نوجەبا هەڕەشەی ئەوەی کردووە، ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێ و گەشتەکان ئاسایی نەبنەوە، داوا لە خەڵک دەکەن بۆ مانگرتن لەنێو فڕۆکەخانەکان ئامادە بن تاوەکو ئەو بڕیارە دەشکێندرێ.
رۆژی 20ـی ئەیلوول سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، لە 23ـی ئەیلوولەوە سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران لەجیهان دا دادەخرێن. بڕیارەکە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق و زۆر وڵاتی دیکە بۆ ئێران راگیراون.



