رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە ساڵێک دۆزینەوەیان، رووفاتی 156 ئەنفالکراوی کورد لە بەغداوە وەک سێیەم کاروان رەوانەی هەرێمی کوردستان کرانەوە، تاوەکو لە زێدی خۆیان بەخاک بسپێردرێن.
ئەم رووفاتانە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا لە ناوچەی "تەل شێخییە" لە بیابانەکانی سەماوە دۆزراونەتەوە، کە پێشتر و لە ساڵی رابردوودا 172 تەرمی دیکەی ئەنفالکراوانی لێ هێنرابووەوە. بەپێی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا حەوت گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵی هەڵنەدراوە لە هەمان ناوچەدان.
بێستوون خدر، یەکێکە لە تاقانەکانی شاڵاوی ئەنفال کە دایک و باوک و خوشک و براکانی لەدەستداوە. ئەو دەڵێت، "من بەس خۆم ماوم لە خانەوادەکەم. دایک، باوک، خوشک و براکانم سەرجەمیان ئەنفالن." بێستوون دەستخۆشی لە هەوڵەکان دەکات بۆ هێنانەوەی رووفاتەکان و دەڵێت، "تاوەکو ئێستا لە قەزای چەمچەماڵ و کۆیە و گەرمیان پرۆسەکە باش رۆیشتووە و پشکنینی دی ئێن ئەی کراوە."
پشکنینە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە ئەم رووفاتانە خەڵکی ناوچەی چەمچەماڵن و بڕیارە بە شێوەیەکی کاتی بەخاک بسپێردرێن، تاوەکو ئەنجامی کۆتاییی بەراوردکردنی نموونەی DNA لەگەڵ کەسوکارەکانیان تەواو دەبێت.
دکتۆر زەید عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی عێراق، بە رووداوی رایگەیاند، "پشکنینەکان بەردەوامن. حاڵەتی قورسی تێدایە و تەنانەت منداڵیشی تێدایە." بە گوتەی دکتۆر زەید، راپۆرتی کۆتایی لەوانەیە مانگێک بۆ دوو مانگی دیکەی پێویست بێت.
لەلایەن خۆیەوە، عەزەدین مەجید، جێگری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە "سەرۆکایەتیی کۆمار، وەزارەتی تەندروستی، دەزگای شەهیدان و دامودەزگاکانی دیکە زۆر بە بایەخەوە دەڕواننە ئەم پرۆسەیە و هەوڵی جددییان داوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی رێک و پێک ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن."
سەرەڕای ئەم هەنگاوانە، هێشتا هەزاران ئەنفالکراوی دیکە لەژێر خۆڵی بیابانەکانی باشووری عێراقدا ماون و چارەنووسیان نادیارە. پرۆسەی هەڵدانەوەی دەیان گۆڕی بەکۆمەڵی دیکەش بە بیانووی نەبوونی بودجەی پێویست، راگیراوە.



