رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق هاووڵاتییەکی لەنێو بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی ئەنبار دەستگیرکرد، بە تۆمەتی ئەوەی بەرتیلی لە هاووڵاتییەک وەرگرتووە تاوەکو کارێکی بۆ رایی بکات.
دەستەی دەستپاکیی عێراق، رۆژی یەکشەممە (27ـی ئەیلوولی 2026) بڵاویکردەوە، تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە ئەنبار چووەتە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پارێزگاکە و تۆمەتبارێکی لە کاتی وەرگرتنی سێ ملیۆن دیناردا دەستگیر کردووە.
تۆمەتبارەکە ئەو بڕە پارەیەی لە هاووڵاتییەک داوا کردووە بەرامبەر بە لادانی ئاماژەی دەستبەسەرداگرتنی مووچەی خانەنشینیی دایک و خوشکی.
تۆمەتبارەکە بەو جۆرە لە هاووڵاتییەکەی گەیاندووە کە هاوکاریی هەندێک لە فەرمانبەرانی نێو فەرمانگەکەی هەیە و پارەکەیان بۆ دەبات تاوەکو مامەڵەکەی بۆ تەواو بکەن، بەڵام لە راستیدا پارەکەی بۆ خۆی بردووە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێ، تۆمەتبارەکە رەوانەی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی لە ئەنبار کراوە و دادوەریش بڕیاری داوە بە راگرتنی بەپێی مادەی (312) لە یاسای سزادانی عێراقی.
بەپێی بڕگەی یەکەمی مادەی یاسایی تایبەت بە فێڵکردن بەناوی بەرتیل، هەر کەسێک وا خۆی نیشان بدات کە پەیوەندی یان دەسەڵاتی لای فەرمانبەرێک هەیە و داوای پارە یان "پاداشت" لە هاووڵاتییەک بکات بۆ ئەوەی مامەڵەکەی بۆ رایی بکات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
دەکرێ سزاکە پێبژارن یان زیندانیکردن بێ.

