رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق دەڵێ، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 2,557 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق تۆمارکراون و بەراورد بە ساڵانی رابردوو رێژەکە زیاتر لە 86% دابەزیوە.
رۆژی یەکشەممە، 27ی ئەیلوولی 2026، نەواس سەباح شاکر، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دوو هەزار و 557 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان) تۆمار کراون. ئەم ژمارەیەش بەراورد بە ساڵانی پێشوو دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە کە زیاتر لە 86%ـە."
بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری کەمبوونەوەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە کارکردن بووە لەسەر سێ تەوەرەی سەرەکی، ئەوانیش:
- هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان سەبارەت بە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە و پێویستیی هەبوونی ئامرازی ئاگرکوژێنەوە لە ماڵ و شوێنەکاندا.
- گرتنەبەری رێکاری یاسایی تووند دژی سەرپێچیکارانی مەرجەکانی سەلامەتی و داخستنی ئەو شوێنانەی رێنماییەکان جێبەجێ ناکەن.
- پەرەپێدانی تواناکانی بەرگریی شارستانی، وەک راهێنان بە کارمەندان و هاوردەکردنی ئامێر و ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2025 و 2026.
شۆرتی کارەبا هۆکاری 48%ـی ئاگرەکانە
سەبارەت بە هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکان لە عێراق، نەواس سەباح روونی کردەوە کە شۆرتی کارەبا لە سەرووی هۆکارەکانەوەیە و 48%ـی تەواوی رووداوەکان پێکدەهێنێت.
هۆکاری ئەوەش بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێنێتەوە لەوانە، ناجێگیری و هەڵبەز و دابەزینی ڤۆڵتیەی کارەبا، تێکەڵاوبوونی وایەرەکانی کارەبا، فرە سەرچاوەیی دابینکردنی کارەبا بۆ هاووڵاتییان کە بریتین لە چوار سەرچاوە، (کارەبای نیشتمانی، مۆلیدەی گەڕەکەکان، مۆلیدەی تایبەتی باڵەخانە و ماڵەکان، سیستمی وزەی خۆر.)
ئاشکراشی کرد کە لەم دواییانەدا بەرگریی شارستانی چەندین رووداوی ئاگرکەوتنەوەی لەنێو ماڵ و باڵەخانەکاندا تۆمار کردووە کە بەهۆی کێشە و شۆرتی کارەبا بووە لە پانێڵ و بەشەکانی سیستمی وزەی خۆر.
دروستکردنی 313 ئۆتۆمبێلی پێشکەوتوو لە کۆریای باشوور و ئەڵمانیا
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانی ئاشکرای کرد: "لە کۆریای باشوور 313 ئۆتۆمبێلی پێشکەوتووی بەرگریی شارستانی لە قۆناخی دروستکردندان. لە ئەڵمانیاش ژمارەیەک ئامێر و ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری مێرسیدس بێنز لە قۆناخی دروستکردن و وەرگرتندان."
بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق گوتی، ئەم ئۆتۆمبێلانە بەپێی کەشوهەوای عێراق، تایبەتمەندیی دیاریکراو و بەگوێرەی سرووشتی ئەو رووداوانە دروست دەکرێن کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە مەیداندا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.
سەبارەت بە هەڵمەتەکانی چاودێری، نەواس سەباح گوتی: "تیمەکانمان ئەم ساڵ نزیکەی 2,010 باڵەخانەی سەرپێچیکاریان لە مەرجەکانی سەلامەتی داخستووە، لەوانە پڕۆژەی پیشەسازی و بازرگانی، مۆڵەکان، کارگە و مارکێتەکان."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕیارانە بە دەسەڵاتی فەرمیی پارێزگارەکان جێبەجێ کراون و وەک رێکارێک دەگیرێنەبەر تاوەکو هەمووان پابەندی مەرجەکانی سەلامەتی و بەرگریی شارستانی ببن.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی عێراق باسی لە ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستان کرد و رایگەیاند کە "پلانێکی تۆکمە"ی پێشوەختەیان داناوە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ساڵانی رابردوو، بەتایبەت بۆ ئەو ناوچە نزمانەی کە ئەگەری دروستبوونی لافاویان لێ دەکرێت.
ئاشکراشی کرد کە لە ئێستاوە بەلەمی مۆدێرنی فریاگوزاری لە چەندین پارێزگا جێگیر کراون، لەوانە، کەرکووک، نەینەوا، واست، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە و بەغدا، "تاوەکو لە کاتی دروستبوونی هەر لافاودا دەستبەجێ بەهانای هاووڵاتییانەوە بچن و گیان و ماڵیان بپارێزن."

