رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دوای تەواوکردنی قۆناخەکانی ئامادەکردنی، پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵی 2027 رەوانەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری کردووە.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتەکە کە رۆژی یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026 بڵاوکراوەتەوە، ئامادەکردنی پرۆژەیاساکە بەرهەمی کۆبوونەوە بەردەوامەکانی لیژنەی باڵای ئامادەکردنی بودجە بووە بە سەرپەرشتیی فالح ساری، وەزیری دارایی. لەو پرۆسەیەدا میوانداریی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتەکان و پارێزگاکان کراوە، هەروەها راوێژ بە شارەزایانی دارایی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق کراوە.
فالح ساری، وەزیری دارایی جەختی لەوە کردووەتەوە کە وەزارەتەکەی لە کاتی دیاریکراودا پرۆژەکەی تەواو کردووە. روونیشی کردووەتەوە کە بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی پلەبەپلە پرۆگرامی "بودجەی کارایی" لە کەرتی کارەبا و پارێزگاکانی دیوانیە و سەلاحەدین جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش بۆ بەهێزکردنی گرێدانی پارەی تەرخانکراو بە ئامانج و ئەنجامەکانەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ فراوانکردنی ئەو سیستمە لە تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پرۆژەیاسای بودجە لە چوارچێوەی توانا داراییەکاندا رەچاوی لەپێشینەکانی کارنامەی حکومەت، گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و پێداویستییەکانی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کردووە، هاوکات گرنگیی بە بەهێزکردنی داهاتی نانەوتی و چەسپاندنی رێکخستنی دارایی داوە.
بڕیارە لە قۆناخی داهاتوودا ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاساکە بکات و پاشان بەپێی رێکارە پەسەندکراوەکان، بۆ بڕیاردان لەسەری رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی بکات.



