رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق، ئەمڕۆ 27ـی ئەیلوولی 2026، رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027 رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرد.
بەگوێرەی نووسراوێکی ئەنجوومەنەکە کە واژۆی فالح ساری، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری و وەزیری دارایی لەسەرە و وێنەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ئەنجوومەنەکە لە دانیشتنی ژمارە 12ـی خۆیدا ئەمڕۆ 27ـی ئەیلوولی 2026، تاوتوێی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵی 2027 کردووە.
لە نووسراوەکەدا کە بە "زۆر بەپەلە" ئاراستەی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کراوە، راسپاردە کراوە کە "رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکانی ئەندامانی ئەنجوومەن."
پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق، رۆژی یەکشەممە (27ی ئەیلوولی 2026) لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ناردنی پرۆژەیاساکە بۆ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری رایگەیاند: "تەواوکردنی پڕۆژەی بودجە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بودجە دێت بە سەرپەرشتیی فالح ساری، وەزیری دارایی، کە تێیدا نوێنەرانی وەزارەتەکان، هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان ئامادە بوون".
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند: "لە کاتی دیاریکراودا پڕۆژەی بودجەمان تەواو کرد، بۆ یەکەمجار و بە شێوەیەکی پلەبەندی، بودجەی بەرنامە لە کەرتی کارەبا و پارێزگاکانی دیوانیە و سەڵاحەدین جێبەجێ دەکرێت، تاوەکو تەرخانکردنی دارایی بەستراو بێت بە ئەنجام و ئامانجەکانەوە".
وەزیری دارایی عێراق گوتی: "پڕۆژەی بودجە پەرەپێدانی بەرنامەی حکومەت و گۆڕانکارییە ئابوورییەکانی رەچاو کردووە و تێیدا گرنگییەکی زۆر بە پێداویستییەکانی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دراوە". گوتیشی: "بودجەکە جەخت لەسەر زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان و چەسپاندنی رێککاری دارایی دەکاتەوە".
بودجەی بەرنامە، خەرجییەکان بەگوێرەی سێکتەر جیا دەکاتەوە نەک وەزارەتەکان؛ هەر سێکتەرێک خەرجیی بۆ تەرخان دەکرێت و وابەستەی ئەنجامەکانی دەکرێت، کە دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێ بکرێت.
ئەم ساڵ عێراق یاسای بودجەی نەبوو کە لەسەر بنەمای یەک لەسەر دوازدەی خەرجیی 2025 کاری دەکرد؛ بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی، پێویستە لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم پڕۆژەیاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت و بەر لە کۆتایی ساڵیش پەسند بکرێت.



