رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لە سەنتەری ناحیەی پردێی سەر بە پارێزگای کەرکووک،
رووبەڕووی چەند چەکدارێکی داعش بوونەوە و بەهۆیەوە پێکدادان دروست بوو.
بەپێی زانیارییەکان، هێزەکەی دژەتیرۆری عێراق بە زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێلی هەمەرەوە چوونەتە نێو سەنتەری پردێ و بە چەکی دۆشکە و بیکەیسی تەقەیان لە دوو چەکدار کردووە. دواجار هەردوو چەکدارەکەیان کوشت و رایانگەیاند، "چەکداری سێیەمیش لە دووری شەڕەکەوە دەستگیرکراوە".
دژەتیرۆری عێراق زانیاریی پێشوەختەی لەسەر چەکدارەکان هەبووە و لە کاتی
چاودێریکردنیان لە نزیک کۆگایەکی پێداویستیی ماڵان، رووبەڕووی تەقەی چەکدارەکان بوونەتەوە
و ئەوانیش وەڵامیان داونەتەوە.
لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەدا، موڕاد زانا، گەنجێکی کورد کە لە کۆگاکە
کاری کردووە، فیشەک بەر سەری کەوت و گیانی لەدەستدا.
حەکیم رەحمان، برای خاوەنی کۆگاکە، بە رووداوی گوت: "رووداوەکە لەگەڵ
ئێوارەدا بوو، ئەو داعشانە هاتبوونە ژوورەوە و شەڕیان کردبوو". هەروەها گوتیشی:
"لەوبەرەوە تەقەیان کردووە و ئۆتۆمبێلەکەیان راگرتووە و خۆیان خستووەتە کۆگاکەوە".
رەوەند حەکیم، برازای خاوەنی کۆگاکە، گوتی: "پێدەچێت یەکێکیان لەژوورەوە
خۆی تەقاندبێتەوە، چونکە پارچە گۆشت و خوێنم بینی".
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، پلانی دژەتیرۆر ئەوە بووە کە چەکدارەکان
لە شوێنێکی چۆڵدا بکەنە ئامانج، بەڵام چەکدارەکان پێیان زانیوە و دەستپێشخەرییان لە
تەقەکردن کردووە، بەهۆیەوە ژمارەیەک کارمەندی دژەتیرۆریش بریندار بوون.
عەبدولموتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ، رایگەیاند: "ئەو
هێزە بەبێ ئاگاداریی هیچ لایەنێک هاتنە ناوەوە. من کە سەرۆکی یەکەی کارگێڕی و ئەمنیی
ئەم ناحیەیەم، ئاگادار نەکرابوومەوە. پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی دیکەش ئاگادار نەبوون.
رێگەکەیان داخست و دەستیان بە تەقەکردن کرد و رۆڵەیەکی ئێمە شەهید بوو".
لەکاتی گەڕانەوەی تەرمی موڕاد زانا، کەسوکارەکەی نیگەران بوون و مامی
قوربانییەکە گوتی: "مانای چییە تۆ ئەو هەموو هێزە بهێنیت و هەڵبکوتیتە سەر شارەکە
و بە دۆشکە تەقە بکەی؟ ئەو منداڵە بچووکە چی دەزانی؟".
ماوەیەک لەمەوبەر، هێزەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە سنووری پردێ ئۆپەراسیۆنێکیان
دژی داعش ئەنجامدا و دوو چەکداریان کوشت، بەڵام گومانیان لە بوونی ژمارەیەکی زیاتری
چەکدار لە سنوورەکە دەکرد.


