رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران لە عێراق دەڵێ، لە کۆی 15 ملیۆن کرێکار و کارمەند، نزیکەی 800 هەزاریان دەستەبەرییان بۆ کراوە.
ستار دنبووس بەڕاک، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران لە عێراق و جێگری ئەمینداری گشتیی یەکێتیی نێودەوڵەتیی سەندیکاکانی کرێکارانی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێش ساڵی 2003 نزیکەی 150 هەزار کرێکارو کارمەند دەستەبەرییان بۆ کرابوو، بەڵام ئێستا ژمارەکە گەیشتووەتە نزیکەی 800 هەزار کەس.
ستار دنبووس گوتی، ئەو ژمارەیە زۆر کەمە بەراورد بە ژمارەی کرێکار و کارمەندان لە عێراق کە نزیکەی 15 ملیۆن کەس دەبن. بۆ نموونە، لە وڵاتێکی وەک ئوردن کە ژمارەی دانیشتووانی زۆر لە عێراق کەمترە، نزیکەی یەک ملیۆن کارمەند و کرێکار دەستەبەرییان بۆ کراوە.
یاسای خانەنشینی و دەستەبەریی کۆمەڵایەتیی کرێکاران، ژمارە 18ی ساڵی 2023، رۆژی 17ی ئایاری 2023 لەلایەن پەرلەمان و رۆژی 28ی ئابی 2023 لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە پەسندکرا. یاساکە لە 109 مادە و 13 بەش پێکدێت.
بەگوتەی سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران لە عێراق، "یاساکە یەکێکە لە نایابترین یاساکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام بەداخەوە زۆربەی کرێکار و کارمەندان لێی بێئاگان و زانیارییان لەبارەی ماف و ئەرکەکانیان لەنێو یاساکەدا نییە".
ئەو بەرپرسە گوتی، دۆخی کرێکار و کارمەندان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە رووی کرێی رۆژانە و کاژێرەکانی کارکردنەوە خراپە، کە بەگوێرەی رێکخراوی کاری جیهانی نابێت لە 8 کاژێر تێپەڕێ و ئەگەر کاری زیاتری پێ کرا، دەبێت کرێی زیاتری پێ بدرێ؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشێکیان کاری قورسیان پێ دەکرێ، ژینگەی کارکردنیان گونجاو نییە و دەستەبەریی سەلامەتی و تەندروستییان نییە.
بەگوێرەی یاساکە، کەمترین مووچەی کارکردن لە عێراق 350 هەزار دینارە و کەمترین مووچەی خانەنشینیش نابێت لە 500 هەزار دینار کەمتر بێت.
ستار دنبووس باسی لەوەکرد، ئەوەی زیاتر دۆخی کرێکار و کارمەندانی دژوارتر کردووە، بوونی هاووڵاتیی بیانییە کە بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، زیاتر لە یەک ملیۆن کرێکار و کارمەندی بیانی لە عێراق کاردەکەن.
یاساکە هەردوو کەرتی رێکخراو و نارێکخراو دەگرێتەوە. کەرتی نارێکخراو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە گرێبەستیان لەگەڵ خاوەنکارێک نییە، بەڵکو بۆ خۆیان کاردەکەن، وەک شۆفێری تاکسی، خاوەن شوێنە بازرگانییەکان، ئاسنگەر، دارتاش و پیشە ئازادەکان. ستار دنبووس گوتی، هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە خۆی دەستەبەر بکات و بابەتەکە ئارەزوومەندانەیە.
دەستەبەریی خانەنشینیی ئارەزوومەندانە بۆ 15 توێژ دابەشکراوە. لە کەرتی ئارەزوومەندانەدا، بەشداربوونی خاوەن داهاتی سنووردار 5%ـە و حکومەت 15% دەدات. مانگانە کەمترین بڕ 17 هەزار و 500 دینارە کە بەشداربوو دەیدات.
بەگوێرەی خشتەکە، ئەوانەی مووچەیان 350 هەزار دینارە، پێویستە مانگانە 17 هەزار و 500 دینار بدەن. ئەوانەی لە بازنەی حەوتەمدان و مووچەیان 980 هەزار دینارە، مانگانە 49 هەزار دینار دەدەن. ئەوانەش لە بازنەی 15دان و مووچەی مانگانەیان یەک ملیۆن و 750 هەزار دینارە، پێویستە مانگانە 87 هەزار و 500 دینار بدەن.
رێژەی بەشداریکردن لە کەرتی رێکخراودا بەم شێوەیەیە: کرێکار و کارمەند 5%، خاوەنکار 12% و حکومەت 8%ی تێچووەکە دەدات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یاسای خانەنشینی و دەستەبەریی کۆمەڵایەتیی کرێکار و کارمەندان، دەستکەوتی زۆری بۆ کرێکار و کارمەندان تێدایە و تەنانەت ئەو کەسانەی پێشتر لە کەرتی گشتی بوون و دواتر چوونەتە کەرتی تایبەت، دەتوانن سوود لە یاساکە وەربگرن.



