رووداو هەولێر
بەرپرسیى ئەمنىی کەتیبەکانى حیزبوڵاى عێراق رایگەیاند، دەبێت سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەوانەی لە پشتیەوەن ئەوە بزانن کە ئەو حکومەتەی لە بەرژەوەندیی گەل کار نەکات، بە چەندین شێوە کار بۆ رووخاندنی دەکرێت. هەڕەشەى ئەوەش دەکات کە لە یەکى تیشرینى یەکەمەوە هەر فڕۆکەیەک ئاسمانى عێراق ببەزێنێت سەرەتا ئاگادار دەکرێتەوە و دواتر دەخرێتە خوارەوە.
دووشەممە 28ی ئەیلوولی 2026، ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانى حیزبوڵڵای عێراق، راگەیێندراوێکی لەبارەی کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق بڵاوکردەوە.
ئەبو موجاهید عەساف، کشانەوەی ئەو هێزانەی بە "دەرکردن" ناوبردووە و بە سەرەتایەک دایدەنێت بۆ هێنانەکایەی سەروەریی تەواو و سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی و ئابووری و دەشڵێت :"گەل دەزانێت ئەوانە کێن کە لەپشتی هەندێک لە بڕیارەکانی حکومەتەوە بوون بۆ تێپەڕاندنی ئەوەی خۆیان بە ئاشکرا شەرمیان دەکرد خۆیان بە خاوەنی بکەن."
30ى ئەیلوول دوا وادەى کشانەوەى هێزەکانی هاوپەیمانانە لەعێراق، کە مەرجى گرووپە چەکدارەکانە بۆ بەشداریکردنى لە سنووردارکردنى چەک لەدەستى دەوڵەتدا.
ئەبو موجاهید عەساف دەڵێت، "حکومەتی ئێستا بە پلانی سێ هاوپەیمان دروست بووە، هەندێکیان بەرنامەی ئاژاوەگێڕی و جەنگییان لەنێوان برایانى ئاینی و نیشتمان داناوە و دەبێت بزانن کە ئێمە دەزانین لە پشت دەرگا داخراوەکان چی دەگوزەرێت."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا ئەبو موجاهید عەساف هۆشداری دەداتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەڵێت: "دەبێت زەیدى ئەوانەی لە پشتیەوەن ئەوە بزانن کە ئەو حکومەتەی لە بەرژەوەندیی گەل کار نەکات، بە چەندین شێوە کار بۆ رووخاندنی دەکرێت".
کەتیبەکانى حیزبوڵڵاى عێراق یەکێکە لە پێکهێنەرانى گرووپى موقاوەمەى ئیسلامی، کە وابەستەى کۆمارى ئیسلامى ئێرانن.
ئەبو موجاهید عەساف رایگەیاند، ئەگەر گەمارۆی ئاسمانی لە دژی کۆماری ئیسلامى ئێران لە دوای یەکی تشرینی یەکەم بەردەوام بێت، گەلەکەمان هەڵوێستێکی روونی دەبێت، کە ئەگەری هەیە بگاتە ئاستی داخستنى دەروازەکانى ئەو وڵاتانەى کە بەشدارن لە گەمارۆی سەر گەلی ئێران.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە کە موقاوەمەى ئیسلامى چاودێریی ئاسمانی عێراق دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ فڕۆکەیەکی دوژمن بەکارى ناهێنێت؛ جاری یەکەم ئاگاداری دەکەنەوە و جاری دووەم دەیخەنە خوارەوە. دەشڵێت: "نابێت لە دوای یەکی تشرینی یەکەمەوە نووسینگەى سەرۆکوەزیران ببێتە کاشێرى پێشێلکارییەکانی ئەمریکا."



