رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لەسەر فراوانکردنی وەرگرتنی هاوبەشی خوێندکاران بۆ ساڵی نوێی خوێندن رێککەوتن. بەپێی رێککەوتنەکە، ژمارەی کورسییەکان بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵا دوو هێندە زیاد دەکرێن. رۆژی سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی بەردەوامیی هاوئاهەنگییە زانستی و ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وەزارەتەکە، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بەڕێوەچوو و تێیدا بڕیاردرا بە زیادکردنی بەرچاوی رێژەی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆکانی یەکتردا. بەپێی راگەیێندراوەکە، بۆ ساڵی نوێی خوێندن، لە خوێندنی بەکالۆریۆسدا ژمارەی کورسییەکان بۆ هەردوولا لە 400ـەوە بۆ 1000 کورسی زیاد کراوە، هاوکات بۆ خوێندنی باڵاش (ماستەر و دکتۆرا) کورسییەکان لە 100ـەوە بۆ 250 خوێندکار لە هەردوولا بەرز کراونەتەوە. کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی د. حەیدەر عەبد زەهد، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بۆ کاروباری زانستی و بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆر د. سەباح ئیبراهیم وەیس، راوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە، هەروەها بەڕێوەبەرانی گشتیی فەرمانگەکانی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون، نێردراوان و پەیوەندییە کولتوورییەکان و توێژینەوە و پەرەپێدان لە هەردوولا بەشدار بوون. وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەڕاوی زانستیی هاوبەش و میکانیزمەکانی بەهێزکردنی هاوکاریی ئەکادیمی کراوە، لەگەڵ نەهێشتنی ئاستەنگە ئیداری و تەکنیکییەکان کە دێنە بەردەم پرۆسەی وەرگرتنی هاوبەش و یەکسانکردنی بڕوانامەکان لە نێوان هەردوولادا. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوو وەزارەت جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگییە ئەکادیمییەکان و ئاسانکاریی رێکارەکان کردووەتەوە، "بە جۆرێک کە لە خزمەت خوێندکاراندا بێت و هاوکاریی نێوان دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای فیدراڵ و هەرێمی کوردستان پتەوتر بکات." پڕۆژەی وەرگرتنی هاوبەشی نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی عێراق لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنێکی ئەکادیمیی نێوان هەردوو وەزارەتەکەدا جێبەجێ دەکرێت، کە رێگە بە دەرچووانی دواناوەندی و خوێندکارانی خوێندنی باڵا دەدات بە شێوەیەکی فەرمی و سیستماتیک لە زانکۆکانی نێوەڕاست، خواروو و هەرێمی کوردستان داواکاری پێشکەش بکەن. ئەم رێککەوتنە بۆ یەکەمجار لە 5ـی ئایاری 2025 لە شاری هەولێر، لەنێوان وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان واژۆ کرا.