رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 29-09-2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد و چەند بڕیارێكی دا، دیارترینیان پەسندکردنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی و ناردنی بوو بۆ پەرلەمان.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، یەکێک لە بڕیارە سەرەکییەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، پەسندکردنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی بوو، کە ناردنی بوو بۆ پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری.
دەنگدرا بە پڕۆژەیاسای فەرمانگەی چاودێریی تەندروستیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و پڕۆژەیاسای پەیمانگەی پلاندانانی شار و هەرێمەکان بۆ خوێندنی باڵا و هەردووکیانی بۆ پەسندکردن رەوانەی پەرلەمان کران. هەروەها رەزامەندیی درا لەسەر فرۆشتنی چەند پارچە زەوییەک لە پارێزگای نەینەوا بە فەرمانبەرانی زانکۆی موسڵ.
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕانەوەی ئەو پارانەی بە رێگەی نایاسایی بەدەستهاتوون، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی وەزارەتی دارایی و ئەندامێتیی وەزارەتی دەرەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکبهێنرێت بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنی ئوردنی. ئامانج لەم لیژنەیە گەیشتنە بە دیدگەیەکی هاوبەش بۆ گێڕانەوەی پارە و سامانی عێراقییەکان لە ئوردن.
بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی پیشەسازیی ناوخۆ، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا هەناردەکردنی کانزاکانی مس، ئەلەمنیۆم، قورقوشم و ئاسن بە هەموو شێوەکانیانەوە (سیكراب) قەدەخە بکات، بەهۆی پێویستیی زۆری کارگە ناوخۆییەکان بەو مادانە.
لە بڕیارێکی دیکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەی فەرمانی دیوانیی ژمارە (25274ی ساڵی 2025)ی هەڵوەشاندەوە و وەزارەتی دەرەوەی راسپارد کە لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە هاوئاهەنگیدا بێت بۆ وەرگرتنی زانیاریی پێویست سەبارەت بەو کەس و کۆمپانیایانەی گومانیان لەسەرە.


