رووداو دیجیتاڵ
بۆ 33یەمین جار، هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە بەغدا خۆپیشاندانیان کرد و داوای دامەزراندنیان کرد، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رووبەڕوویان بوونەوە و گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوولادا دروست بوو.
خۆپیشاندەران کە ژمارەیان 43 هەزار کەسە، جەخت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 59ی تایبەت بە ماستەر و دکتۆرا و یاسای ژمارە 67ی ساڵی 2017 دەکەنەوە، کە مافی دامەزراندنیان پێدەدات. هەروەها داوا دەکەن لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا شوێنیان بۆ بکرێتەوە.
د. ئەحمەد تالب، نوێنەری خۆپیشاندەران بە رووداوی رایگەیاند، "ئەمە پەیامی ئێمەیە. سوێند بەخوا ئەگەر لە بودجەدا مافمان نەدەن، ئێمە لە هەموو چینەکان لەپێش وەزارەتی دارایی خێمە هەڵدەدەین و ناگەڕێینەوە."
حوسێن ناجح، یەکێک لە خۆپیشاندەران بە رووداوی گوت "کارگێڕی تەندروستیم تەواو کردووە، بەکالۆریۆس و دبلۆمم هەیە و یەکەمی سەر پەیمانگاکەی خۆمم، بەڵام تائێستا دانەمەزراوم."
خۆپیشاندان لە بەغدا بووەتە کارێکی رۆژانە و زۆربەی داواکارییەکانیش بۆ دامەزراندنە. ئەمەش وایکردووە خۆپیشاندەران زیاتر سووربن لەسەر داواکارییەکانیان، بەتایبەت کە ئێستا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.



