رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رۆژی چوارشەممە کشانەوەی
تەواوەتیی هێزەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان راگەیاند، بەمەش کۆتایی بە
ئەرکێکی سەربازیی 12 ساڵەی شەڕی دژی داعش هات؛ لە کاتێکدا حکومەتی بەغدا ئەم رۆژەی
وەک "رۆژی سەروەری" ناوزەند کرد و ئاهەنگی گێڕا، هەرێمی کوردستان
نیگەرانیی خۆی لە کشانەوەی هێزەکان بەبێ دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەربڕی.
شۆن
پارنێڵ، گوتەبێژی سەرەکیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هێزەکان و کەرەستە سەربازییەکانی ئەمریکا
"کشانەوەیەکی رێکوپێک"یان لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر تەواوکردووە، کە
دواین بنکەی ئاسمانی بوو هێزەکانی هاوپەیمانانی لێ مابووەوە.
گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی: "ئەم
وەرچەرخانە رەنگدانەوەی سەرکەوتنی هەڵمەتێکی 12 ساڵەیە کە تێیدا داعش وەک
هەڕەشەیەکی سەربازیی رێکخراو لە عێراق و سەرتاسەری ناوچەکەدا تێکشکێندرا؛ هەروەها
دەستپێکی قۆناخی گواستنەوەیە لە ئەرکێکی هاوپەیمانیی سەردەمی جەنگەوە بۆ هەوڵێکی
ئەمنی بە سەرکردایەتیی عێراق خۆی، کە لە رێگەی پەیوەندییەکی ئەمنیی دووقۆڵیی
ئاساییەوە پشتیوانیی لێدەکرێت."
زەیدی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانانی راگەیاند: هیچ چەکێک لە
دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت نابێت
سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی
2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق،
لە بەغدا سەرپەرشتیی ئاهەنگێکی فەرمیی کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی
نێودەوڵەتی، کە بە ئامادەبوونی فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان و سەرکردە سەربازی
و ئەمنییەکانی عێراق بەڕێوەچوو.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا ئەم رۆژەی
بە "رۆژی سەروەری" ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە عێراق ئەمڕۆ بەرهەمی
قوربانیدان و هەوڵی قارەمانانەی چەندین ساڵەی دەزگا ئەمنییەکانی دەدوورێتەوە.
زەیدی لە گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر چەند
خاڵێکی سەرەکی:
· کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان بە مانای
کۆتاییهاتنی شەڕی دژی تیرۆر نایەت، بەڵکو گواستنەوەی عێراقە بۆ قۆناخێک کە تێیدا
بەرپرسیارێتیی تەواوی ئاسایش و سەقامگیریی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.
· ئەرکەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان
دەگوازرێنەوە بۆ نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ بەڕێوەبردنی
کارەکان لەژێر دەسەڵاتی باڵای دەوڵەتدا.
· قۆناخێکی
نوێ بە ناونیشانی سەروەریی عێراق، بەهێزیی دامەزراوەکان و ئامادەیی هێزە
چەکدارەکان دەستیپێکردووە.
· هاوکاریی ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت و کار لەسەر بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و توانستە دیجیتاڵییەکان دەکرێت لە خزمەت ئاسایشدا.
· "هیچ چەکێک لە دەرەوەی چەتری یاسا و هیچ هێزێک
لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا نابێت، بەپێی ئەوەی دەستوور و مەرجەعییەت و گەل
داوای دەکەن."
وەزارەتی
پێشمەرگە: بەجێهێشتنی هەرێمی کوردستان بەبێ سیستمی بەرگری جێگەی نیگەرانییە
لە
بەرامبەردا، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا نیگەرانیی لای بەرپرسانی هەرێمی کوردستان
دروستکردووە، بەتایبەت لەبارەی کشانەوەی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە
راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە ململانێکانی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و
ئێراندا، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی درۆن و مووشەکی بالیستی بووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا
هاتووە: "کشانەوەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لەژێر ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی
ناوچەکەدا، بەبێ دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، جێگەی نیگەرانییە."
گرووپە چەکدارەکان ئاهەنگ دەگێڕن و هەڕەشە دەکەن
هاوکات
ئەو گرووپە چەکدارە عێراقییانەی کە ئێران پشتیوانییان دەکات، پێشوازییان لە
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کرد.
ئەبو
موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنی لە گرووپی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا گوتی:
"دەرکردنی هێزەکانی داگیرکار بە شکاوی لە خاکی عێراق، دەستپێکی سەروەریی
تەواوەتییە." هەروەها هۆشداریشی دایە سەرۆکوەزیرانی عێراق کە نابێت پلانەکانی
ئەمریکا جێبەجێ بکات و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە "هەر حکومەتێک لە بەرژەوەندیی
گەل کار نەکات، بە هەموو شێوازێک دەڕوخێندرێت."
پێشتر حکومەتی عێراق وادەی 30ـی ئەیلوولی بۆ
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەستبووەوە بە داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان؛ بەڵام گرووپە
بەهێزەکانی نزیک لە تاران رەتیانکردەوە چەکەکانیان دابنێن، ئەمەش وایکرد عەلی زەیدی
لەم دواییانەدا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نیویۆرک تایمز باس لەوە بکات کە وادەی
داماڵینی چەکی میلیشیاکان بۆ مانگی حوزەیرانی 2027 دواخراوە.
مێژووی 12 ساڵەی جەنگ
سوپای
ئەمریکا لە ساڵی 2003 بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حوسێن هاتە نێو خاکی عێراق و لە
ساڵی 2011 کشایەوە، بەڵام سێ ساڵ دواتر و لە ساڵی 2014دا، دەسەڵاتدارانی بەغدا
داوای هاوکارییان لە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا کرد بۆ
شەڕی دژی داعش کە رووبەرێکی فراوانی عێراقی داگیرکردبوو.
دوای لاوازبوونی داعش و نەمانی
وەک هێزێکی داگیرکار، واشنتن و بەغدا لە ساڵی 2024 رێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە
ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان. هێزەکانی ئەمریکا ساڵی رابردوو زۆربەی بنکەکانی نێوەڕاست
و باشووری عێراقیان چۆڵکرد و تەنیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەییان مابوو، کە لەوێش
بەردەوام بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و هاوئاهەنگیی میلیشیاکان لەگەڵ حووسییەکانی یەمەن، دەکەوتنە بەر هێرشی بەردەوام.

