رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، بەردەوامن لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانیان لە دۆسیەی زیادبوونی سەروەت و سامانی گوماناوی و دەستکەوتی نایاسایی یاریدەدەری بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی پارێزگای سەلاحەدین،کە ئێستا راگیراوە و دەستیان بەسەر زیاتر لە 5 کیلۆگرام زێڕی دا گرتوە.
ئەفراح عەبدڕەزا شەمەری، ناسراو بە دایکی عەبدوڵڵا، یاریدەری بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی پارێزگای سەلاحەدین، رۆژی 26ی ئابی 2026 لەگەڵ هاوژینەکەی دەستگیرکران .
دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی ئەیلوولی 2026 لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەم دۆسیەیەدا بەدەست گەیشتوون، تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی سەلاحەدین، دوای وەرگرتنی دانپێدانانی هاوژینی تۆمەتبارەکە، توانیویەتی شوێنی ئەو زێڕانە بدۆزێتەوە کە لەلایەن خوشکی تۆمەتبارەکەوە لە ماڵەکەی خۆیەوە بۆ ماڵی کەسێکی دیکە گواستراوەتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، تیمەکە دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی، دەستیان بەسەر 5.250 کیلۆگرام زێڕی تۆمەتبارەکەدا گرتووە و بەڵگەنامەی فەرمییان بۆ رێکخستووە.
رۆژی 30-08-2026، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی عێراق رایگەیاندبوو، هاوژینی یاریدەدەرە راگیراوەکەی بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی سەلاحەدینیان دەستبەسەر کردووە. هاوکات دەستیان بەسەر بەڵگەنامەی 95 موڵکدا گرتووە کە بەسەر بەغدا، دیالە و سەلاحەدیندا دابەش بوونە، لەگەڵ 31 بەڵگەنامەی پەنجەمۆرکراوی سپی، کۆمپیوتەر، پارە و زێڕ لە ماڵی تۆمەتبارەکەدا.
هاوژینی تۆمەتبارەکە (پیاوەکە) لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەدا ناوە کە نزیکەی 27 موڵک بە شێوەیەکی رووکەش بەناوی ئەوەوە تۆمارکراون، جگە لە چەندین موڵکی دیکە کە بەناوی کەسوکار و مامەڵەکارانەوەن، بەڵام خاوەندارێتیی راستەقینەیان بۆ هاوژینەکەی دەگەڕێتەوە.


