رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی رووداوەکەی پردێ، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە رەوانەی کەرکووک کرا و دەستی بەلێکۆڵینەوە کرد. لیژنەکە لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان کۆبووەوە، گوتەی لێ وەرگرتن و دواتر راپۆرتی خۆی بەرز دەکاتەوە. جێگری پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند: "ئەوانەی کەمتەرخەم بوون، سزای یاسایی خۆیان وەردەگرن."
دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەکە، دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، لیوا مەعن بەدای، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و رێبوار تەها، جێگری پارێزگاری کەرکووک، بەئامادەبوونی کەسوکاری قوربانییانی پردێ، لە دیوانی پارێزگای کەرکووک کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان کرد.
لیوا مەعن بەدای، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، رایگەیاند، ئەمڕۆ بەیاوەریی لیژنەی لێکۆڵینەوە کە بەفەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق پێکهێنراوە، چووینە دیوانی پارێزگای کەرکووک و لەگەڵ رێبوار تەها، جێگری پارێزگاری کەرکووک و کەسوکاری قوربانییان کۆبووینەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: "2 گەنجی خەڵکی پردێ شەهید بوون و داوای لێکۆڵینەوەمان کرد. فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەراستییەکان پێکهێنا. ئەمڕۆ لیژنەکە سەردانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکی کرد و تەواوی روونکردنەوە و بەڵگەنامەکانمان لەبارەی رووداوەکەوە پێدان."
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک باسی لەوەش کرد: "پێشتر راپۆرتێکم ئامادە کردبوو و بۆ نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانم ناردبوو، لەوانە سوپاسالار، هەواڵگریی سەربازی و فەرماندەی هێزە وشکانییەکان. روونکردنەوەی پێویستم پێدان، لەسۆنگەیەوە ئێستا لیژنەکە دەستبەکاربووە لەگەڵ بەرپرسە ئەمنی و سەربازییەکان، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆدەبێتەوە و لێکۆڵینەوە دەکات و سەردانی شوێنی رووداوەکەش دەکەن."
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، دووپاتی کردەوە: "ئەوانەی شەهید بوون رۆڵەی ئێمەن و داعش نین. هەموو راستی و وردەکارییەکانمان روونکردووەتەوە. هەروەها لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پەیوەندیم پێوە کراوە و پێیان راگەیاندووم کەسوکاری قوربانییەکان قەرەبوو دەکرێنەوە. هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان دەکرێت و بەهاوئاهەنگی لەگەڵ جێگری پارێزگاری کەرکووک قەرەبوو دەکرێنەوە. ئۆپەراسیۆنەکە بەبێ ئاگاداریی ئێمە کراوە. راپۆرتەکە سبەی دەخرێتە بەردەم فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان."
رێبوار تەها، جێگری پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد: "دەمانەوێت جارێکی دیکە ئەو جۆرە هەڵانە دووبارە نەبنەوە. سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین کە بەفەرمانێکی، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی ناردووە و ئێستا لەکەرکووکن. ئێمە و کەسوکاری قوربانییان چاومان بەلیژنەکە کەوت و راستییەکانمان بۆ روونکردنەوە."
جێگری پارێزگاری کەرکووک باسی لەوە کرد، لیژنەکە دڵنیای کردنەوە کە بەدواداچوونی ورد بۆ هەر کەموکورتییەک دەکەن. داوای لەخەڵکی پردێ و گوندەکانی دەوروبەری کرد ئارام بن و گوتی: "لیژنەکە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە نێردراوە و بڕوای تەواومان هەیە راسپاردەکانی دەخرێنە بەردەم سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەی ئەوانەی کەمتەرخەم بوون بدرێنە دادگە و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن."
رێبوار تەها گوتیشی: "مافی هەردوو قوربانییەکە بەپێی یاسا وەک شەهید تۆمار دەکرێت و زیانە ماددییەکانیش قەرەبوو دەکرێنەوە بۆ ئەوەی سەرۆکوەزیران بڕیاری قەرەبووکردنەوەکە بدات. فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕیاری داوە بەقەرەبووکردنەوەی زیانەکان. پێویستە لیژنەکە ئەمڕۆ کارەکانی تەواو بکات و راسپاردەکانی بۆ سەرۆکوەزیران بەرز بکاتەوە."
رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2026 لەئۆپەراسیۆنێکی دژەتیرۆری عێراق لەدژی داعش لەپردێ دوو گەنجی کورد کوژران. دوێنێ تەرمی یەکێکیان بەناوی محەممەد هێمن، کە بێسەروشوێن بوو، رادەستی ماڵباتەکەی کرایەوە. ئەوکات دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند، لەپردێ دوو چەکداری داعشی کوشتووە، بەڵام یەکێک لەوانەی کوژراوە محەممەد هێمن بووە و ئەوان بەداعش ناساندوویانە.


