رووداو دیجیتاڵ گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند، 40 رۆژ گفتوگۆیان لەگەڵ لیژنەیەکی چوار کەسیی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردووە و رێککەوتنیان لەبارەی "رێکخستنی چەک" واژۆ کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت وەڵامی نەداونەتەوە و دەڵێن: "لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەست نابین بە هەر وادە و رێککەوتنێک کە لایەنێکی حکومی و سیاسی باسی کردبێت یان باسی بکات." ئەو هەڵوێستانەی گرووپی مقاوەمە لە راگەیێنراوێک دا بوو کە چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، بەبۆنەی کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق بڵاویان کردەوە. لە راگەیێنراوەکە دا هاتووە کە بۆ ماوەی 40 رۆژ گرووپی موقاوەمە لەگەڵ لیژنەیەکی چوار کەسیی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە بە رەزامەندیی حکومەت پێکهێنراوە، گفتوگۆیان کردووە بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی "رێکخستنی چەک" بەرامبەر بە هێنانەدی سەروەریی تەواو و گشتگیری عێراق لە رێگەی کشانەوەی سوپای ئەمریکا و ناتۆ، لەگەڵ دەستگرتنی موقاوەمە بە مافی بۆ بەرپەرچدانەوەی راستەوخۆی هەر پێشێلکارییەکی ئەمریکا و ئیسرائیل لەدژی سەروەریی عێراق. گرووپەکە دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی کە چوار گرووپی موقاوەمە رێککەوتنێکیان لەگەڵ لیژنە چوار کەسییەکە واژۆ کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی حکومەتی عێراقیان پێنەگەیشتووەتەوە. ئەو لیژنە چوار کەسییەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان گفتوگۆیان دەکرد بۆ ئەوەی بەشدار بن لە پرۆسەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت. گرووپی مقاوەمە دەڵێت: "لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەست نابین بە هەر وادە و رێککەوتنێک کە لایەنێکی حکومی و سیاسی باسی کردبێت یان باسی بکات. چەکی مقاوەمە وەک ئەمانەتێک لە دەست چەکدارەکانمان دا دەمێنێت و نیشانەکەی بە ئاراستەی هەر دوژمنێک دەبێت کە هێرش بکاتە سەر عێراق و گەلەکەی. لە هەمان کات دا دەرگاشمان کراوە دەبێت بەڕووی هەر دیالۆگێک کە سەروەریی عێراق گەرەنتی بکات." گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە چەند گرووپێکی چەکداریی شیعە پێکهاتوون، کە وابەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و لە جەنگەکانیان دا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هاوکار بوون. هەڵوێستی ئەو گرووپە هاوکات بوو لەگەڵ کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق، کە مەرجی گرووپە چەکدارەکان بوو بۆ بەشداریکردنیان لە پرۆسەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت. لە گوتاری تایبەت بە کشانەوەی هاوپەیمانان، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "جەخت لەوە دەکەینەوە هیچ چەکێک لە دەرەوەی چەتری یاسا و هیچ هێزێک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت دا نابن، ئەمە ئەوەیە کە دەستوور دەیەوێت و مەرجەعییەت داوای کردووە و گەلی عێراق دەیەوێت." پێشتر لە 22ـی ئەیلوولی 2026، حەیدەر فوئادی، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە یەکێکە لە پێکهێنەرانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشنیازێکی شەش خاڵی لەلایەن حکومەتەوە دراوەتە گرووپە چەکدارەکان بۆ ئەوەی رێککەوتنی لەسەر بونیات بنرێت کە دوا قۆناخی مانگی تەممووزی 2027 دەبێت."
عێراق30-09-2026دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان؛ حەشدی شەعبی ئاهەنگ دەگێڕێت و حکومەتی عێراق بەڵێنی سەقامگیری دەدات