رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا دەستپێکردنی "سەردەمێکی نوێ" لە عێراق رادەگەیێنێت و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت. هاوکات داوا لە گرووپە چەکدارەکان دەکات بگەڕێنەوە نێو باوەشی دەوڵەت و دەڵێت: "شوێنی چەک و پیاوەکانتان لەنێو دەوڵەت و دامەزراوەکانیەتی نەک لە دەرەوەی."
شەوی چوارشەممە 30-9-2026 عەلی فالح زەیدی لە گوتارێکی تۆمارکراودا بۆ رای گشتی رایگەیاند: "لەم ساتەوەختە نیشتمانییەدا قسەتان بۆ دەکەم، بۆ ئەوەی سەرەتای سەردەمێکی نوێ رابگەیێنین، کە تێیدا عێراق لە گۆڕەپانی ململانێکانەوە دەگۆڕێت بۆ نیشتمانێک کە خاوەنی بڕیاری تەواوەتیی خۆی بێت."
سەرۆکوەزیرانی عێراق وێڕای دەربڕینی سوپاس بۆ مەرجەعیەتی نەجەف، سڵاوی بۆ هێزە چەکدارەکان لەوانە "سوپا، پۆلیس، دژەتیرۆر، حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگە" نارد بۆ رۆڵیان لە پاراستنی وڵات.
"هاوکێشەی سەروەری"
عەلی زەیدی لە پەیامەکەیدا راستەوخۆ رووی دەمی کردە ئەو هێزانەی لە دژی داعش شەڕیان کردووە و گوتی: "بە ناوی نیشتمانەوە سوپاسگوزارین، بەڵام ئەمڕۆ داواتان لێدەکەین لەنێو دڵی دەوڵەتدا بن، نەک لە دەرەوەی. شوێنی چەک و پیاوەکانتان لەنێو دەوڵەت و دامەزراوەکانیەتی."
سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوکێشەی دەسەڵات و سەروەریی لە قۆناخی داهاتوودا بە سێ خاڵ دەستنیشان کرد:
یەک چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
خاکی عێراق بەبێ هێزی بیانی.
بڕیارێکی نیشتمانی کە نوێنەرایەتیی سەرجەم پێکهاتەکان بکات.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد کە بۆ پتەوکردنی چەمکی دەوڵەتداری، بڕیاریداوە هیچ مووچە و دەرماڵەیەک لە دەوڵەت وەرنەگرێت و گوتی: "کاردەکەین بۆ پتەوکردنی پایەکانی دەوڵەتێک کە تێیدا پۆست بەرپرسیارێتی بێت، نەک دەستکەوت."
دەقی گوتاری عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رای گشتی
بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ئەی گەلی بەڕێزی عێراق،
ئەی رۆڵەکانی ئەم وڵاتە پیرۆزە، لە سەرتاسەری خاکە پاکەکەیدا
سڵاوی خواتان لێبێت
لەم ساتەوەختە نیشتمانییەدا قسەتان بۆ دەکەم، بۆ ئەوەی سەرەتای سەردەمێکی نوێ رابگەیێنین، کە تێیدا عێراق لە گۆڕەپانی ململانێکانەوە دەگۆڕێت بۆ نیشتمانێک کە خاوەنی بڕیاری تەواوەتیی خۆی بێت. خاک و سەروەریی خۆی بپارێزێت و داهاتووی خۆی بە ئیرادەی رۆڵەکانی بنیاد بنێت. عێراقییەکان باجێکی گەورەیاندا لە ساڵانی ئارامگرییاندا و چەکەکان لە نیشتمانماندا فرەچەشن بوون، تاوەکو عێراق بووە گۆڕەپانێک بۆ ئەوانی دیکە، لەبری ئەوەی نیشتمانێکی ئارام بێت بۆ رۆڵەکانی.
ئەی عێراقییە رەسەنەکان..
بە ناوی ئێوەوە سوپاس و پێزانین ئاراستەی مەرجەعییەتی باڵا لە نەجەفی پیرۆز دەکەین، لەسەر هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی لە بەرگریکردن لە عێراق و گەلەکەی. لەم رۆژەدا، گیانفیدایی شەهیدان و شکۆی بریندارانی سەنگەر بەرز رادەگرین لە بەرامبەر ئەو ئاسایش و سەروەرییەی کە ئەمڕۆ هەیە.
سڵاو دەنێرین بۆ پاڵەوانانی سوپا و پۆلیس و دەزگای دژەتیرۆر و حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگە و هەموو جۆرەکانی هێزە چەکدارەکانمان و دەزگا ئەمنییە ئازاکانمان. بە شانازییەوە یادی قارەمانێتی و قوربانیدانیان دەکەین. هەڵوێستی ئەو هێزە نیشتمانییانە بەرز دەنرخێنین کە یەکە شەڕکەرەکانیان چوونە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
پەیامێکی خۆشەویستی ئاراستەی ئەو برایانەمان دەکەین کە لەپێناو نیشتماندا جەنگان و چەکیان هەڵگرت کاتێک عێراق رووبەڕووی تیرۆر بووەوە. بە ناوی نیشتمانەوە سوپاسگوزارین. ئەمڕۆ داواتان لێدەکەین لەنێو دڵی دەوڵەتدا بن، نەک لە دەرەوەی. شوێنی چەک و پیاوەکانتان لەنێو دەوڵەت و دامەزراوەکانیەتی. با شارەزایی و قوربانیدانتان ببێتە هێزێکی زیاتر کە خزمەت بە عێراق بکات لە چوارچێوەی یەک بیروباوەڕی نیشتمانی، یەک ئاڵا و یەک بڕیاری سەربازی و ئەمنیدا.
ئەی عێراقییە خۆشەویستەکان..
دەوڵەت رۆڵەکانی خۆی پشتگوێ ناخات، بەڵکو توانا و وزەکانیان رێکدەخات و دەیانخاتە چوارچێوەی یاسا و دەستوورەوە. ئەمە هاوکێشەی سەروەرییە؛ یەک چەک لە دەستی دەوڵەتدا، خاکی عێراق بەبێ هێزی بیانی و بڕیارێکی نیشتمانی کە نوێنەرایەتیی هەمووان بکات و ملکەچی سەرپەرشتیی هیچ لایەنێک نەبێت.
ئەی خەڵکی عێراق، لە باکوورەوە بۆ باشوور..
وەفاداری بۆ سەروەری لە هەموومان دەخوازێت کە سامانەکانی عێراق بپارێزین و پارەی گشتی بپارێزین. هەر بۆیە، ئێمە بەردەوامین لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و پەرەپێدانی داهاتی دەوڵەت و پەیمانێکی راستگۆیانەتان پێدەدەین کە ئەمانەت بپارێزین و هەوڵەکانمان بۆ خزمەتکردنی ئەم وڵاتە بەڕێزە تەرخان بکەین.
من خۆم پابەند کردووە کە هیچ مووچە و دەرماڵەیەک لە دەوڵەت وەرنەگرم. کاردەکەین بۆ پتەوکردنی پایەکانی دەوڵەتێک کە تێیدا پۆست بەرپرسیارێتی بێت، نەک دەستکەوت.
بژی عێراق، سەروەر و یەکگرتوو.
بژی ئیرادەی گەلە مەزنەکەی.
سەربەرزی و شکۆ بۆ شەهیدانی عێراق.
سڵاوی خواتان لێبێت


